پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی ساڵیادی ڕێککەوتننامەی یازدەی ئادار
ئەمڕۆ یادی پەنجا و یەک ساڵەی ڕێککەوتننامەی یازدەی ئاداری 1970 دەکەینەوە کە دەستکەوتێکی مێژوویی شۆڕشی مەزنی ئەیلول بوو بەڕابەرایەتی بارزانیی نەمر.
خەبات و تێکۆشانی گەلی کوردستان ، حکومەتی ئەوکاتەی عێراقی ناچار کرد کە بۆ یەکەم جار، بە شێوەیەکی فەرمی دان بە بەشێک لە مافە نەتەوەییە ڕەواکانی گەلی کوردستاندا بنێت. هەرچەندە بەداخەوە حکومەتی عێراق دواتر، ڕێککەوتننامەکەی پێشێل کرد و پاشگەزبووەوە و سەرئەنجام پەنای بۆ توندوتیژی و شەڕ لە دژی خەڵکی کوردستان بردەوە .
ڕێککەوتننامەی یازدەی ئادار، بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی سەرجەم چین و توێژ و پێکهاتە جیاوازەکانی خەڵکی کوردستان بوو، خواست و ویستی گەلی کوردستان بوو بۆ بەیەکەوەژیانی ئاشتیانە و ڕەتکردنەوەی شەڕ و ماڵوێرانیی .
لەم بۆنەیەدا ، پێداگیریی لە سەر چارەسەریی بنەڕەتی کێشەکانمان لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی دەکەینەوە لە سەر بنەمای پاراستن و دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان و چەسپاندنی بنەماکانی سیستەمی فیدراڵی لە عێراق.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان