پول پۆستێک کە ئاڵای کوردستانی لەسەرە بە فەرمی لە بەلجیکا کاری پێ دەکرێ

سەنتەری خزمەتگوزاریی پۆستەی بەلجیکا لەبارەی پوولێکی مامەڵەکردن کە ئاڵای کوردستانی بەسەرەوە،دەڵێت، پوولەکە فەرمییە و لە بەلجیکا بەکاردەهێندرێت، بەڵام لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی پۆستەی بەلجیکاوە دەرنەکراوە.

لە وەڵامی پرسیارێکی زنار شینۆ، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو کە بە ئیمەیڵ نێردراوە، سەنتەری خزمەتگوزاریی پۆستەی بەلجیکا کە کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەتە، وەڵام دەداتەوە و دەڵێت “بەڵێ، ئەوە پوولێکی فەرمییە و لە بەلجیکا بەکاردەهێندرێت”.

بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژە بەوە دەکات “لە مۆبایل ئاپێکمان هەیە بەناوی Mystamp کە ئاسانکاری بۆ کەسایەتی و رێکخراو و کۆمپانیاکان دەکات بە دیزاینی داواکراو پوول بە بازاڕدا بڵاوبکەنەوە”.

ئەو پوولەی ئاڵای کوردستانی بەسەرەوەیە لە ساڵی 2015وە لە بەلجیکا بەکاردەهێندرێت.

هەروەها دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند؛ ئەو پوولە لەسەر داوای نوێنەرایەتیی پۆستەی بەلجیکا دروستکراوە و رۆژانە بەکاری دێنێت.

دروستکردنی پوول لە بەلجیکا دەبێت رەچاوی کۆمەڵە رێسا و یاسایەک بکات، بەشێوەیەک “نابێت ئەو پوولە بۆ مەبەستی سیاسی بەکاربهێندرێت، نابێت لۆگۆ و ئاڵا و دروشم و وێنەی پارت یان سەرکردەیەکی سیاسیی بەسەرەوەبێت”

سه‌رچاوه‌ : رووداو

Back to top button