نەخۆشخانەیەکی گەورەتر بۆ پێشمەرگە دروست ده‌کرێت و ئەوەی ئێستاش دەکرێتە فریاکەوتن

دوای کردنەوەی نەخۆشخانەی پێشمەرگە لە شاری هەولێر، بڕیارە نەخۆشخانەیەکی دیکەش بۆ پێشمەرگە دروست بکرێت و بەڕێوەری کارگێڕیی نەخۆشخانەی پێشمەرگەش دەڵێت، نەخۆشخانەکەی ئێستا دەکرێتە فریاکەوتن.

ڕەفعەت مزووری، بەڕێوەری کارگێڕیی نەخۆشخانەی پێشمەرگە، ڕايگەیاندووه‌: “دوای کردنەوەی نەخۆشخانەی پێشمەرگە ئێستا لە هەوڵی بەرفراوانکردنی خزمەتگوزارییەکانین، سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندیی لەسەر خەرجکردنی پارەی پێویست بۆ دابینکردنی هەردوو ئامێری ”ستی سکان” و ”ئێم ئاڕ ئەی” نیشان داوە و لە ئایندەیەکی نزیکدا دابین دەکرێن، لەگەڵ هۆڵێکی گونجاو، هەروەها لە ماوەیەکی نزیکدا لە نەخۆشخانەی پێشمەرگە دەست بە نەشتەرگەری دەکرێت.”

بەڕێوەبەری کارگێڕیی نەخۆشخانەی پێشمەرگە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەشڵێت: “هەوڵەکان بۆ خزمەتکردنی پێشمەرگە لە ڕووی تەندروستییەوە هێشتا فراوانتر دەکرێن و پلان هەیە نەخۆشخانەیەکی گەورەتر بۆ پێشمەرگە دروست بکرێت و ئەوەی ئێستا دەکرێتە فریاکەوتن.”

ڕەفعەت مزووری ڕوونی کردۆتەوه‌: “حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندیی سەرەتاییی دەربڕیوە و لە کاتی گونجاودا دەست بە پڕۆژەکە دەکرێت، دەزگای خێرخوازیی بارزانیش وەک هاوکاری هۆڵێکی پێشوازیی بە شێوەیەکی سەردەمیانە بۆ نەخۆشخانەی پێشمەرگە دروست بکات.”

Back to top button