حكوومەتی هەرێم راپۆرتی دووەمی قۆناغەكانی چاكسازی رەوانەی پەرلەمان دەكات

ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان، ڕایده‌گه‌یه‌نێ لە ئایینده‌یه‌كی نزیكدا، راپۆرتی دووەمی یاسای چاكسازی رەوانەی پەرلەمان دەكرێت، ئەمەش سووربوونی حكوومەتی هەرێمی كوردستانه‌ لەسەر درێژەدان بە چاكسازی و نەهێشتنی گەندەڵی و رێگەگرتن لە بەفیڕۆدانی سامانی گشتی.

وەیسی سەعید ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە لیژنەی دەستپاكی ڕایگەیاند، لە ئایندەیەكی نزیكدا حكوومەت راپۆرتی دووەمی قۆناغەكانی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی رەوانەی پەرلەمان دەكات.

ئەو پەرلەمانتارە زیاتر دەڵێ، لە چەند مانگی رابردوودا حكوومەتی هەرێمی كوردستان، راپۆرتی یەكەمی قۆناغەكانی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی رەوانەی پەرلەمانی كرد، بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا راپۆرتی دووەمیش رەوانە بكات.

باسی لەوەش كرد، ناردنی ڕاپۆرتی دووەم سووربوونی حكوومەتە لەسەر درێژەدان بەچاكسازی و نەهێشتنی گەندەڵی و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی، هەروەها بەپێی ڕاپۆرتەكەی پێشوو دەری دەخات ئێستە یاساكە قۆناغی باشی بڕیوە.

ڕوونی كردەوە، بەدڵنیاییەوە راپۆرتی ئەمجارەی حكوومەت گرنگی و بایەخی خۆی هەیە، چونكە لەچەند مانگی رابردوودا كۆمەڵێك هەنگاوی گرنگ نراون، وەك چاكسازی لە لیستی شەهیدان، پێداچوونەوە بە ئیمتیازاتی كەسانی ناشایستە، لەگەڵ پێدانی پلەباڵا بە كەسانێك كە پێشتر پێشمەرگە بوونە و مافی خۆیانە، بەڵام بە پلەی تر خانەنشین بوون، لەگەڵ بڕینی مووچەی ئەوانەی زیاتر لە مووچەیەكیان هەبووە.

 

Back to top button