سەرۆك بارزانی لە كۆبوونەوەی دوێنێی چی گوت؟
پارێزگاری هەولێر ڕای دەگەیەنێت، سەرۆك بارزانی لە كۆبوونەوەی دوێنێ پێی ڕاگەیاندین، پێویستە سەرجەم ئەو بەربەستانە لاببەن كە لە نێوان خۆتان و هاووڵاتییان هەیە.
ئەمڕۆ یەكشەممە، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، سەرۆك بارزانی لە كۆبوونەوەی دوێنێ پێی ڕاگەیاندین، هەموو ئەو بەربەستانە لاببەن كە لە نێوان خۆتان و هاووڵاتییان هەیە و پێویستە هاووڵاتییان بەڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت.
پارێزگاری هەولێر گوتی، سەرۆك بارزانی گوتی لەناو حكوومەتدا سەرجەم هەوڵەكانتان بۆ ئەوە بێت خزمەتی هاووڵاتییان بكەن، ئەو ڕۆتینەی هەیە لە كاروباری هاووڵاتییان، لای ببەن تا خزمەتی زیاتری هاووڵاتییان بكرێت.
ڕوونی كردەوە، بۆ پشكنینی كۆرۆناش لە نێوان شارەكان كە هاووڵاتییان هاتوچۆ دەكەن، تا ئێستە هیچ بڕیارێك نییە پشكنین بكرێت، بەڵكو تەنیا لە نێوان شارەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق هاووڵاتییان پێویستە پشكنین بكەن، ئەوەیش بۆ پاراستنی زیاتر و ڕێگریی بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە بكرێت.