پۆليسى هه‌ولێر :له‌ سبەيه‌وه‌ هەر کەسێک ماسک نەبەستێت و پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان نەبێت بە بڕی 20 هەزار دینار سزا دەدرێت

گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر رایده‌گەینێت، لە سبەى دووشه‌ممه‌وه‌ هەر کەسێک ماسک نەبەستێت و پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان نەبێت بە بڕی 20 هەزار دینار سزا دەدرێت. پۆلیسی رێکاریی سەربازیی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێريش راسپێردراوە “بە سزادانی هەموو ئەو كه‌سانه‌ى کە پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان و نەبەستنی ماسک نابن .”
هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا به‌ ده‌زگاكانى ڕاگه‌ياندنى راگەیاند، بەپێی ئامارەکانی وەزارەتەکانی ناوخۆ و تەندروستیی هەرێمی کوردستان رۆژ بە رۆژ ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرەو زیادبوون دەچێت، لەبەرئەوە پۆلیسی رێکاریی سەربازیی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر راسپێردراوە کە هەر کەسێک ماسک نەبەستێت بە 20 هەزار دینار سزا بدرێت.”
دەشڵێت “پۆلیسی رێکاریی سەربازیی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پۆلیسی شارەوانی و نەهێشتنی تاوان رێکارە یاساییەکان دەگرنەبەر، بەڵام پۆلیسی رێکاریی سەربازیی راسپێردراوە و ئەوان سزای ئەوانە دەدەن کە ماسک نابەستن.”
لاى خۆشيه‌وه‌ موقەدەم شوان سەعدی، لە بەشی پۆلیسی رێکاریی سەربازیی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، رایگەیاند “هەر کەسێک ماسک نەبەستێت و پابەندی رێنوێنییە تەندروستییەکان نەبێت 20 هەزار دینار سزا دەدرێت، یاخود شوێنی کارەکەی دادەخرێن.”
Back to top button