پارێزگاری هه‌ولێر: سەرۆكی حكوومەت زۆر جددییە كێشه‌ی ھەشتی حەسارۆك چارەسەر بكرێت

حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە ھەوڵدایە بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری بە كەرتی ھەشتی حەسارۆك و پارێزگاری ھەولێریش رایده‌گه‌ێنێت، سەرۆكی حكووومەت، وەزیری شارەوانی و پارێزگاری ھەولێری بۆ چارەكردنی كێشەی زەوییەكان راسپاردووە.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگه‌یاند: بەڵێن بەو كەسانە دەدەین كە زەوییان لە كەرتی ھەشتی حەسارۆكی شاری ھەولێر ھەیە، یەكێك لە گرفتەكانی ئێمەیە و لەگەڵ سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان باسمان لە چارەكردنی كێشەی كەرتی ھەشتی حەسارۆك كردووە و سەرۆكی حكوومەتیش زۆر جیددییە لەوەی دەبێت بابەتی ھەشتی حەسارۆك چارە بكرێت.

ده‌شڵێت: مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، وەزیری شارەوانی و پارێزگاری ھەولێری راسپاردووە رێگایەك ببینەوە بۆ چارەكردنی گرفتی ئەو خەڵكە، كە حكوومەت رێگە نادات خانوو لەو كەرتە دروست بكرێت و ئامانجیش لێی ئەوەیە، ئەگەر خزمەتگوزاری نەبوو، ئەوا گەڕەك دروست نابێت، بەڵكو گوندێك دروست دەبێت.

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر روونیشی كردەوە: چەند رێگایەك دیاری كراوە بۆ زەوییەكانی ھەشتی حەسارۆك و لە ئایندەیەكی نزیكدا یەكێك لەو رێگایانە دەبێتە بڕیار و كێشەی زەوییەكانی ھەشتی حەسارۆك چارە دەكرێت.

Back to top button