پارێزگاری هەولێر بێ ئاگادارکرنەوەی پێشوەخته‌ نەخۆشخانەی ئیمرجنسی بەسەرکردەوە

درەنگانی شەوی رابردوو، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەیاوری د.دلۆڤان محەمەد، بەرێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە.

بۆ ئاگاداربوون لە ڕەوشی نێو نەخۆشخانەکە و دڵنییابوون لە پابەندبوونی ئێشکگران و کارمەندانی تەندروستی و مامەڵەکردنیان لەگەڵ نەخۆش و پێشوازیکردنی هاوڵاتییان، نەخۆشخانەی ئیمرجنسی بەسەرکردەوە.

پارێزگاری هەولێر، دوای ئەوەی یەکە یەکەی بەشەکانی بەسەرکردوە و بەدواداچوونی بۆ چۆنیەتی ڕێڕەوی چارەسەرییە پزیشکیەکان کرد، گفتوگۆی لەگەڵ یاوەری نەخۆشەکان و هاوڵاتییان کرد سەبارەت بە وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی و مامەڵە و شێوازی پێشوازیکردنی کارمەندانی تەندروستیی لە نەخۆشەکانیان.

لەلایەن خۆیانەوە کەس و کار و یاوەرانی نەخۆشەکان، سوپاسی پارێزگاری هەولێریانکرد بۆ ئەو جۆرە سەردان و بەسەرکردنەوانە و هەروەها ستایشی ماندووبوون و شەونخونی سەرجەم پزیشک و کارمەندانی تەندروستیی و بەڕێوەبەر و دەستە کارگێڕی نەخۆشخانەکەیان کرد، بۆ ئەو کارەی ئەنجامی دەدەن لەچارەسەرکردنی نەخۆشەکانیان.

پاشان پارێزگاری هەولێر، داوای لە پزیشک و کارمەندانی تەندروستیی نەخۆشخانەکە کرد و ڕایگەیاند: “وێڕای ئەو کارە مرۆییە مەزنەی ئەنجامی دەدەن، هەرچی لەتواناتاندایە بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتییان پێشکەشی بکەن، ئێمەش وەکو پارێزگای هەولێر، هەرچیمان بۆ بکرێت لەهاریکاری و یارمەتیدان و چارەسەرکردنی کەم و کوری و دابینکردنی پێداویستییەکانتان دڵنیابن درێغی لێناکەین”.

 

 

Back to top button