لایەنە شیعەكان وەك فشار بۆ سەر كورد، پڕۆژەیاسای دادگای فیدراڵ و پڕۆژەیاسای بودجەی 2021 بەیەكەوە دەبەستنەوە
لایەنە شیعەكان لە پەرلەمانی عێراق دەیانەوێت ھەردوو پڕۆژەیاسای دادگای فیدراڵی و یاسای بودجە بەیەكەوە ببەستنەوە، بۆ ئەوەی وەك فشار بۆ سەر كورد بەكاری بێنن. فراكسیۆنە كوردستانییەكانیش بڕیاریانداوە لیژنەیەك دروستبكەن و لەسەر ھەموو پرسەكان یەكھەڵوێستبن.
رێبوار ھادی، سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق رايگەیاند: “لایەنە شیعەكان وەك فشار بۆ سەر كورد، پڕۆژەیاسای دادگای فیدراڵ و پڕۆژەیاسای بودجەی 2021 بەیەكەوە دەبەستنەوە، بەڵام بێگومان ئەمەشیان كاریگەری لەسەر كورد نابێت”.
گوتیشی: “ئەگەر لایەنە كوردییەكان یەك دەنگ بن لەسەر یاسای دادگای فیدراڵی، وەك ئەوەی كە شیعەكان دەیانەوێت. بە ھیچ شێوەیەك ناتوانرێت یاساكە بەبێ كورد تێپەڕێنن. شیعەكان مەبەستیانە بەبێ كورد یاسای دادگای فیدراڵی تێپەڕێنن، چونكە بۆ داھاتوو ھەرچۆن پێیان باش بێت دژی ھەرێمی كوردستان بەكاری بێنن”.
ئەو پەرلەمانتارە كوردە، بۆ كوردستان 24 روونیكردەوە: “تائێستا ھیچ یاسایەك لە یاسای دادگای فیدارڵ گرنگتر نەبووە كە لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر درابێت، بۆیە پێویستە لایەنە كوردییەكان یەكدەنگ و یەك ھەڵوێست بن”.
راشیگەیاند: “لە كۆبوونەوەی دوێنێی فراكسیۆنە كوردستانییەكان لەگەڵ سەرۆك كۆمار و وەزیری دارایی و جێگری سەرۆكی پەرلەمان، بڕیاردرا كە لیژنەیەك لە سەرۆكی فراكسیۆن و پەرلەمانتاری فراكسیۆنە كوردستانییەكان پێكبھێنرێت، بۆ ئەوەی لەسەر ھەر پرس و پێشھاتێك یەكدەنگ بین و ھەر بڕیاربدەین بڕیاری كورد بێت”.