سیستەمی ھاتوچۆ لهههرێمى كوردستان گۆڕانکاری تێدا دەکرێت
بڕیارە لە ھەرێمی کوردستان گۆڕانکاری لە سیستەمی ھاتوچۆ بکرێت و سیستەمەکە بە جۆرێک بێت کە لەگەڵ ئێستا بگونجێت، بۆ ئەو مەبەستەش دوو پێشنیار ھەیە، ئەوانیش ھەموارکردنەوەی یاسای کۆن، یاخود جێبەجێکردنی یاسای نوێی عێراق کە ئەو یاسایە کۆمەڵێک گۆڕانکاریی تێدا کراوە و سزاکانیش توند کراون و بۆ وەرگرتنی ڕای ھاتوچۆی ھەرێم و پارێزگاکان بڕیارە دوای نەورۆز لیژنەی ناوخۆ میواندارییان بکات.
موحسن دۆسکی، ئەندامی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، گوتی: “بڕیارە دوای جەژنی نەورۆز بەڕێوەبەری گشتیی ھاتوچۆی ھەرێم و بەڕێوەبەری ھاتوچۆی پارێزگاکان لە پەرلەمانی کوردستان میوانداری بکەین و لەبارەی ترافیک و سزاکان و کامیراکانەوە قسە بکەین و یاسای ژمارە ٤ی ھاتوچۆی عێراق کە لە ھەرێم بەرکارە بۆ ئەوەی ڕای ئەوان وەرگرین ھەموار بکرێتەوە و چییان پێ باشە بۆیان بکەین لە ڕێگەی یاساوە، چونکە لەلایەن خەڵکەوە زۆر داواکاری و پێشنیارمان بۆ ھاتووە، لەگەڵیان باس دەکەین، بۆیە ھەرچی باشە بۆ ھەرێمی کوردستان ئەوە دەکەین، چونکە کاتی ئەوە ھاتووە ئەو یاسایە کە کۆنە ھەموار بکرێتەوە.”
موحسن دۆسکی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتیشی: “ئەگەر ھاتوچۆی ھەرێمی کوردستان پێی باش بێت ھەموار بکرێتەوە یاساکە ھەموار دەکەینەوە و یاسایەکی نوێ لە عێراق دەرچووە، ئەگەر پێیان باش بێت ئەو یاسایە جێبەجێ دەکرێت کە یاسایەکی نوێیە و چەندین گۆڕانکاریی تێدا کراوە، بۆیە بە گشتی گۆڕانکاری لە سیستەمی ھاتوچۆ لە ھەرێمی کوردستان دەکرێت، بۆیە کامە بۆ ھەرێمی کوردستان باشتر بێت ئەوە دەکەن، جا ھەمواری یاسا بێت، یاخود جێبەجێکردنی یاسای نوێی ھاتوچۆی عێراق بێت.”
هاوكات فازڵ حاجی عەلی، گوتەبێژی ھاتوچۆی ھەولێریش بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی گوتيهتى: “ئێستا یاسایەکی تایبەت لە عێراق ھەیە لە بواری ھاتوچۆ، وەکو جێگرەوەی یاسای کۆن کە لە ھەرێمی کوردستانیش جێبەجێ دەکرێت، ئەو باشترە، چونکە کۆمەڵێک گۆڕانکاریی تێدا کراوە کە لەگەڵ ئەم سەردەمە دەگونجێ.”
فازڵ حاجی عەلی باسی لەوەش کرد: ”ئەگەر ئەو یاسایە جێبەجێ بکرێت کە یاسایەکی سیادییە، ئەوکات پێویستی بە پەرلەمانیش نابێت و جێبەجێ دەکرێت، چونکە یاسای سیادی گشتییە و لە ھەموو عێراق بە ھەرێمی کوردستانیشەوە جێبەجێ دەکرێت، چونکە ئەو یاسا تازەیە زۆر باشە و سزاکانی توند کردووە کە پێویستە و لە بەرژوەندیی خەڵکە توند بکرێت و ھەندێک گۆڕانکاریی باشی تێدا کراوە، بۆیە ئێمە وەکو ھاتوچۆ پێمان باشە کە یاسای نوێی عێراق جێبەجێ بکرێت، چونکە ئامادەیە و تەنھا جێبەجێکردنی دەوێت.”