ئه‌مرۆ بودجه‌ى گشتى 2021 ى عێراق ده‌خرێته‌ ده‌نگدان ئه‌گه‌ری تێپه‌ڕاندنی به‌ بێ كورد هه‌یه‌

برياڕده‌رى ليژنه‌ى دارايى ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ڕايده‌گه‌ينێت: لایه‌نه‌كانی شیعه‌ به‌ تایبه‌تی ده‌وڵه‌تی یاسا و كوتله‌كانی نزیك له‌ حه‌شدی شه‌عبی ره‌تیده‌كه‌نه‌وه‌ هیچ نه‌رمییه‌ك بۆ كورد بنوێنن و داوا ده‌كه‌ن، مادده‌ی 11 ی پڕۆژه‌یاساكه‌ لاببرێت و جێگره‌وه‌كه‌ی په‌سند بكرێت.

ئه‌حمه‌د سه‌فار، ڕايگه‌ياند، له‌ كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی دارایی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی كوتله‌كاندا نه‌رمییه‌ك به‌دیكراوه‌، به‌ڵام هه‌ریه‌ك له‌ ده‌وڵه‌تی یاسا و كوتله‌كانی سه‌ر به‌ حه‌شدی شه‌عبی دژی مافی كوردن له‌ پڕۆژه‌ یاساكه‌دا.

تا ئێستا ناكۆكییه‌كان له‌ باره‌ی پشكی هه‌رێمی كوردستان له‌ پڕۆژه‌یاساكه‌دا ماون و لایه‌نه‌ شیعییه‌كان ئه‌مڕۆ جێگره‌وه‌یه‌كیان بۆ مادده‌ی (11)ی پڕۆژه‌یاساكه‌ پێشكه‌ش كردووه‌.

به‌ هۆی رووداوه‌كانی شه‌وی رابردووی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران و بایكۆتكردنی دانیشتنه‌كه‌ له‌ لایه‌ن فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان و فراكسیۆنی هاوپه‌یمانی هیوا، ترسی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ لایه‌نه‌ شیعییه‌كان به‌ گیانی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ پشكی هه‌رێم له‌ پڕۆژه‌ بودجه‌كه‌ بكه‌ن و ئه‌مڕۆ به‌ بێ به‌شداری كورد، پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ تێپه‌ڕێنن.

لایه‌نه‌ شیعییه‌كان له‌ دوا ساته‌كاندا پێشنیازێكی نوێیان خستووه‌ته‌ڕوو، كه‌ ده‌یانه‌وێت ببێته‌ جێگره‌وه‌ی مادده‌ی 11ی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ئیتیحادی بۆ ساڵی 2021.

له‌ باره‌ی ئه‌و پێشنیازه‌وه‌، ئه‌حمه‌د سه‌فار، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران له‌ لیژنه‌ی دارایی، رایگه‌یاند، ئه‌و پێشنیازه‌ی خراوه‌ته‌ڕوو، دژی بنه‌مای فیدراڵییه‌ و ئه‌وان ده‌یانه‌وێت له‌ ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستان كه‌مبكه‌نه‌وه‌.

سه‌فار بۆ كوردستان24، گوتیشی: ئێمه‌ ده‌نگ به‌و پێشنیازه‌ ناده‌ین و حكومه‌تی مسته‌فا كازمیش رایگه‌یاندووه‌، ناتوانێت پێوه‌ی پابه‌ند بێت، چونكه‌ ئه‌و مادده‌یه‌ی هه‌یه‌، ئه‌نجامی یه‌ك ساڵ دانووستانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدایه‌.

پوخته‌ی ده‌قی پێشنیازه‌كه‌ی لایه‌نه‌ شیعییه‌كان:

یه‌كه‌م: شایسته‌ داراییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا یه‌كلا بكرێنه‌وه‌ له‌ 2004ه‌وه‌ تا 2020. ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی دیوانی چاودێری دارایی ئیتیحادی به‌ هه‌ماهه‌نگی دیوانی چاودێری هه‌رێم، وردبینی له‌ ژماره‌كان ده‌كات.

دووه‌م:

أ- رۆژانه‌ حكومه‌تی هه‌رێم 460 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت به‌رهه‌م ده‌هێنێت دوای جیاكردنه‌وه‌ی پشكی پێویست بۆ خه‌رجی به‌رهه‌م و گواستنه‌وه‌ و به‌گه‌ڕخستن و پێداویستی ناوخۆ، 250 هه‌زار به‌رمیل راده‌ستی سۆمۆ بكات.

ب- ئه‌و بڕگه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق و سامانه‌ سرووشتییه‌كان جێبه‌جێ بكرێت.

ج- حكومه‌تی هه‌رێم پابه‌ند ده‌بێت به‌ راده‌ستكردنی داهاتی نانه‌وتی به‌ گه‌نجینه‌ی ده‌وڵه‌ت و به‌ گوێره‌ی یاسایی ئیداره‌ی دارایی و هه‌ردوو دیوانی چاودێری ئیتیحادی و هه‌رێم وردبینی له‌ ژماره‌كان ده‌كه‌ن.

د- ئه‌گه‌ر ئه‌و بڕگانه‌ی سه‌ره‌وه‌ جێبه‌جێكران، حكومه‌تی ئیتیحادی پابه‌ند ده‌بێت به‌ پێدانی شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێم.

سێیه‌م: وه‌زاره‌تی دارایی له‌ سه‌ره‌تای ساڵی 2021ه‌وه‌ قسته‌كانی قه‌رزی په‌یوه‌ست به‌ هه‌رێم له‌ بانكی بازرگانی عێراق داده‌نێت به‌ گوێره‌ی خشته‌یه‌كی پێنج ساڵیی.

چواره‌م: حكومه‌تی هه‌رێم پابه‌ند ده‌كرێت به‌ پێدانی زانیاری له‌ باره‌ی میلاكاتی مه‌ده‌نی و سه‌ربازی، به‌ گوێره‌ی دابه‌شبوونیان و پله‌ی وه‌زیفی و ناونیشانیان و ره‌گه‌زیان، دوای وردبینی هه‌ردوو دیوانی چاودێری دارایی ئیتیحادی و هه‌رێم.

پێنجه‌م: وه‌زاره‌تی دارایی پله‌ی وه‌زیفی و بڕی ته‌رخانكراوی دارایی بۆیان له‌ خشته‌ی هێزی كار له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌گوازێته‌وه‌ بۆ فه‌رمانگه‌كانی (ره‌گه‌زنامه‌، باری شارستانی به‌نداو و كه‌شناسی) بۆ فه‌رمانگه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانیان له‌ خشته‌ی هێزی كار له‌ وه‌زاره‌تی دارایی ئیتیحادی دوای وه‌رگرتنی ره‌زامه‌ندی وه‌زاره‌تی دارایی ئیتیحادی و وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم.

شه‌شه‌م: حكومه‌تی هه‌رێم پابه‌ند ده‌كرێت به‌ خه‌رجكردنی شایسته‌ی دارایی و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌و پشكه‌ی بۆ هه‌رێم بڕیاری لێدراوه‌ له‌ چوارچێوه‌ی بودجه‌ی هه‌رێم و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌ران پێش ده‌ركردنی هه‌ر بڕیارێك به‌ خه‌رجكردنی هه‌ر بڕه‌ پاره‌یه‌ك له‌ بودجه‌ی ئه‌مساڵی له‌گه‌ڵ ره‌چاوكردنی حوكمه‌كانی مادده‌ی 25 بڕگه‌ی دووه‌م له‌ یاسای ئیداره‌ی دارایی ئیتیحادی ژماره‌ 6ی ساڵی 2019.

Back to top button