مەكتەبی سیاسی لەبارەی تەقەكردن لە بارەگای پارتی هۆشداری دەدات
مەكتەبی سیاسی پارتی لەبارەی تەقەكردن لەبارەگای لقی 12ی پارتی هۆشداری دەدات و دەلێت”بەردەوام بوونی ئەم حاڵەتە و دەستگیرنەکردنی تاوانبارن دەبێتە هاندەری خەڵكی دیكەش لە پارێزگاكانی دیكەی هەرێم بۆ تەقەكردن لە بارەگای حزبەكان و بێ حورمەتی كردن بەرامبەریان و دروستكردنی كەش و هەوایەكی نالەبار بۆ كار و چالاكی حزبەكان، بۆیە هانی ئیدارە و دام و دەزگا ئەمنییە پەیوەندارەكان دەدەین بە ئەركی سەرشانی خۆیان هەستن لە پاراستنی بارەگاكانمان و دۆزینەوەی هەرچی زووتری تەقەكەرانی شەوی رابردوو و پێشوتریش
دهقی ڕاگهێندراوهكه:
شەوی رابردوو (١٨ لەسەر ١٩ـی ئاداری ٢٠٢١)، جارێكی دیكە لە دوو لاوە تەقە لە بارەگای لقی 12ی هەڵەبجەی شەھید كرایەوە، بەداخەوە چەندەمین جارە تەقە لە بارەگاكانی پارتیمان دەكرێت لە سنووری پارێزگاکانی هەڵەبجە و سلێمانی، دووبارە و چەندبارە بوونەوەی ئەو كردەوە دوژمنكارانە و دەستگیرنەكردنی بكەرانی گومان لە جدیەتی بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەی ئەم روداوانە دروستدەکات، بەتایبەتی كە لە هەندێ روداو و تاوانی دیكەدا دەزگا ئەمنییە بەرپرسیارەكان بەزوویی بكەرانیان دەستنیشان كردوە و دەستگیركراون، بەڵام کە بابەت دەبێتە تەقەكردن و هێرشكردنە سەر بارەگاكانی پارتیمان نە كامێراكانی چاودێری و نە دام و دەزگا پەیوەندارەكان زانیاریان لەلا دەست ناكەوێت!…
ئێمە ئیدارەی دەڤەرەكە و دام و دەزگا ئەمنیەكان بە بەرپرس دەزانین لە دۆزینەوە و بەسزاگەیاندنی یاسایی ئەوانەی ئەم كارە ترسنۆكانە و دوور لە شارستانیەتە ئەنجام دەدەن، بەردەوام بوونی ئەم حاڵەتە و دەستگیرنەکردنی تاوانبارن دەبێتە هاندەری خەڵكی دیكەش لە پارێزگاكانی دیكەی هەرێم بۆ تەقەكردن لە بارەگای حزبەكان و بێ حورمەتی كردن بەرامبەریان و دروستكردنی كەش و هەوایەكی نالەبار بۆ كار و چالاكی حزبەكان، بۆیە هانی ئیدارە و دام و دەزگا ئەمنییە پەیوەندارەكان دەدەین بە ئەركی سەرشانی خۆیان هەستن لە پاراستنی بارەگاكانمان و دۆزینەوەی هەرچی زووتری تەقەكەرانی شەوی رابردوو و پێشوتریش، ھەروەھا بەگوێرەی یاسا لە یاسادەرچووان سزابدرێن بۆ ئەوەی رێگا لە تەشەنەسەندنی ئەم دیاردە ناشرینە بگیرێت.
مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
١٩ـی ئاداری ٢٠٢١