سەرۆك بارزانی بە بۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی كوردی:گەلی كوردستان دەیەوێت بە شێوازی ئاشتییانە چارەنووسی خۆی دیاری بكات

سەرۆك بارزانی بە بۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی كوردی په‌يامێكى به‌ڵاوكرده‌وه‌ و كه‌ تێدا هاتووه‌:به‌بۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەتەوەیی نەورۆزەوە پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و هەموو چین و توێژەكانی خەڵكی كوردستان دەكەم. پیرۆزبایی لە هەموو ڕۆڵەكانی گەلی كورد لە پارچەكانی تری كوردستان و سەرانسەری جیهان دەكەم. پیرۆزبایی لە هەموو ئەو نەتەوانە دەكەم كە نەورۆز بەشێكە لە كولتوور و دابونەریتیان.

هه‌روه‌ها له‌په‌يامه‌كه‌ى سه‌رۆك بارزانى هاتووه‌ : گەلی كوردستان دەیەوێت بە شێوازی ئاشتییانە چارەنووسی خۆی دیاری بكات و كێشەكان لەڕێگەی ئاشتییەوە چارەسەر ببن و بڕوای بە شەڕ و توندوتیژی نییە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ستەم و زۆرداری لە هیچ لایەك قبووڵ ناكات و، كە كار گەییشتە ئەوەی زوڵم و تەعدای لێ بكرێت بەرگری لە مافەكانی دەكات.

 

ده‌قى پەیامی سەرۆك بارزانی بە بۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی كوردی:

 

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەتەوەیی نەورۆزەوە پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و هەموو چین و توێژەكانی خەڵكی كوردستان دەكەم. پیرۆزبایی لە هەموو ڕۆڵەكانی گەلی كورد لە پارچەكانی تری كوردستان و سەرانسەری جیهان دەكەم. پیرۆزبایی لە هەموو ئەو نەتەوانە دەكەم كە نەورۆز بەشێكە لە كولتوور و دابونەریتیان.
بۆ گەلی كوردستان نەورۆز جگە لە هاتنی بەهار و نوێبوونەوەی سروشت، مانای ئازادیخوازی و ڕاپەڕین لەدژی ستەمكاریش دەدات. كورد لە نەورۆزدا ڕاپەڕینی كردووە بۆ ئەوەی لە بندەستی ڕزگاری بێت و ئازادی بە دەست بهێنێت. ڕۆحی ڕاپەڕین و ئازادیخوازیی كورد لە دێرزەمانەوە هەبووە و ئێستاش هەر هەیە و هەتا بندەستی و ستەمكاری هەبێت هەر درێژەی دەبێت.
گەلی كوردستان بڕوای بە پێكەوەژیانی نەتەوە و ئایین و بیروڕا جیاوازەكان هەیە و لەمبارەیەوە خاوەنی فەرهەنگێكی مێژوویی و قووڵە و، بە كردەوە بنەماكانی پێكەوەژیانی پیادە كردووە و كاری پێ كردووە. لە هەمانكاتیشدا گیانی ئازادیخوازی و پێكەوەژیانی كورد، هەردەم لەگەڵ ئاشتیخوازیشدا ئاوێتە بووە. گەلی كوردستان دەیەوێت بە شێوازی ئاشتییانە چارەنووسی خۆی دیاری بكات و كێشەكان لەڕێگەی ئاشتییەوە چارەسەر ببن و بڕوای بە شەڕ و توندوتیژی نییە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ستەم و زۆرداری لە هیچ لایەك قبووڵ ناكات و، كە كار گەییشتە ئەوەی زوڵم و تەعدای لێ بكرێت بەرگری لە مافەكانی دەكات.
ئێمە هەردەم پێمانخۆشە و دەمانەوێ گرفتەكانمان لە عێراقدا لەسەر بنچینەی شەراكەت چارەسەر بكرێن. گەلی كوردستان لەسەر بنەمای یەكێتیی ئارزوومەندانە لە عێراقدا شەریكە. لادان لە بنەمای یەكێتیی ئارزوومەندانە و بەكارهێنانی زمانی زۆرینە و كەمینە و كولتووری خۆسەپاندن و نكۆڵیكردن، بە دڵنیاییەوە گرفتەكان چارەسەر ناكات.
نەورۆزتان پیرۆز بێت و بمێنن بە خێر و خۆشی.
مەسعود بارزانی
٢٩ـی ڕەشەممەی ٢٧٢٠ كوردی
٢٠ـی ئاداری ٢٠٢١ زایینی
Back to top button