رەوای خۆیان نەدی
سوورە مەرگەیی
کاک نەوشیروان.. کاک مەلا عەلی.. ئایا دەزانن توندڕەوی ئایدۆلۆژی و کەڵەکەبوونی کۆنەقین وای لێکردوون نەک بەزەییتان بە حاڵی بە کورد و کوردایەتیدا نایەتەوە، بەڵکو بەزەییتان بە حالی خۆشتاندا نایەتەوە، تکایە بە ئاوڕدانەوەیەک لە مێژوو هەرچی زووە خۆتان لەو زەلکاوە رزگار بکەن کە خۆتان تێخسووە، ئایا دەزانن چیتان بەسەر خۆتان هێناوە و چ شانازی و سەروەرەکی مێژووییتان رەوای خۆتان نەدی؟! ئایا لە خۆتان پرسیوە بۆچی لە (میونشن)و لە کۆنگرەی ئاسایشی جیهانی هاوڕێی سەرۆک بارزانی و شاندی یاوەری نین؟! ئایا دەزانن ئەگەر ئێوەش وەک کاکە حەمەی حاجی محمود و شێخ جەعفەر لە سەنگەرەکانی شەڕی داعش و بەرگری لە کوردستان دەرکەتبان و، بۆ سەربەخۆیی کوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی لەگەڵ سەرۆک بارزانی هاوڕا و هاوئامانج و هاوهەڵوێستبان ناوتان لە کوێی مێژوو تۆمار دەکرا؟! ئەوانە پرسیارگەلێکن و ئەگەر ئێوە وەڵامتان لا نییە من وەڵامتان دەەمەوە.
باش بزانن ئەوە باجی ئەو ئینکاریە سیاسی و دوور کەوتنەوەتانە لە کوردایەتی و ئامانجە نەتەوەییەکان، ئەگەر ئێوەش وەک کاکە حەمە و شێخ جەعفەرتان کردبا، ئێستا وەک ئەوان لە (میونشن)و لە کۆنگرەی ئاسایشی جیهانی لە ریزی گەورەپیاوان دادەنیشتن، لە سەروەریەکانی سەربەخۆیی کوردستان و گەیاندنی کورد بە کەناری ئارام و بەدیهێنانی خەونی دەوڵەتی کوردیش پشکی خۆتان دەبوو، بەوەش ناوتان دەچووە ناو لاپەڕە زێڕینەکانی مێژوو، نەوەکانی داهاتووش وەک رێزلێنانێک لە هەڵوێست و خەبات و ماندوو بوونتان ساڵانە و لە یادی رۆژی بەرگری لە کوردستان و یادی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی دەستیان بۆ دەخستنە سەر سنگیان، بەڵام کۆبوونەوە و رێککەوتنی ژێر بە ژێرتان لەگەڵ دوژمنانی کورد و هاوبەشیتان لەو پیلانگێڕیانەی دژ بە سەربەخۆیی کوردستان و ئامانجە نەتەوەییەکان دەگێڕدرێن، نەک هەر لە دیدار و ئاشنا بوون بە گەورەپیاوانی جیهان بێبەشتان دەکات، بەڵکو ناوتان دەچێتە ناو ئەو لاپەڕە رەشانەی مێژوو کە نەوەکانی داهاتوو بە وەچەکانی خۆشتانەوە نەفرەتتان لێدەکەن.
هێشتاش درەنگ نەبووە و بە هاتنە دەرتان لە سەنگەری عێراقچێتی و دەرچوونتان لە بەرەی پیلانگێڕی دژ بە سەربەخۆیی کوردستان و گەڕانەوەتان بۆ سەنگەری کوردایەتی، دەتوانن خۆتان لەو شەرمەزایەی ئێستا و نەفرەتی نەوەکانی داهاتووش بە دوور بگرن و کەڵک لەو دێڕە شیعرەی پیرەمێردی شاعیر وەربگرن کە گوتوویەتی:
هەزار ساڵ بکەی بێگانەپەرستی
ئاخری هەر دێنی نشووستی