رێبوار هادى،سه‌رۆكى ليژنه‌ى ياسايى :داوا لە پەرلەمانی عێراق دەكات وەكو پارێزگا مامەڵە لەگەڵ هەڵەبجە بكرێت

سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق داوا لە سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق دەكات بەغدا وەكو پارێزگا مامەڵە لەگەڵ هەڵەبجە بكات.
رێبوار هادی، سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق لە نووسراوێکی بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردووە کە تێیدا هاتووە: داوادەكەن پرسی بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە لەگەڵ ئەمینداریەتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران تاوتوێبكەن، بۆ ئەوەی وەزارەتەكان و ئەو لایەنانەی سەربە وەزارەتەكان نین لە هەموو پرس و رێكارێك وەكو پارێزگا مامەڵە لەگەڵ هەڵەبجە بكەن.
پێشتر، مەسعود بارزانی، سەرۆكی ئەوکاتی هەرێمی كوردستان، لە نووسراوێكی فەرمیدا داوای لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كردبوو چاوەڕێی بەغدا نەكات و رێكارە كارگێڕییەكانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دەستپێبكات. پاشان لە رۆژی 13-03-2014 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی کابینەی حەوتەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان خەونی هەڵەبجەییەکانی بۆ بوونە پارێزگا هێنایە دی و بە واژۆیەک هەڵەبجەی کردە چوارەمین پارێزگای هەرێمی کوردستان.
لە بەشێکی دیکەی نووسراوەکەدا باسی رێکارە یاساییەکان کراوە و ئاماژەی بەوە داوە: “پاڵپشت بە ماددە 141 ى دەستووری عێراق، یاسای ژمارە 59 ی ساڵی 1969ى پارێزگاكان، بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە 568 بۆ ساڵی 2013 بڕگەی یەكەم، بڕیاری پەرلەمانی هەرێمی كوردستان ژمارە 11 بۆ ساڵی 1999 و فەرمانی هەرێمی ژمارە 19 پارێزگای هەڵەبجە وەكو پارێزگایەك لە چوارچێوەی هەرێمی كوردستانی عێراق ناساندووە”.
 بەڵام كۆمەڵێك زانیاری تێبینی گەیشتووەتە لێژنەی یاسایی بەوەی هەندێك لە دامەزراوە حكومییەكان و دەسەڵاتی جێبەجێكردن كار بەو بڕیارانە ناكەن، بۆیە
چەند رۆژێک لەمەوپێش نێچیرڤان بارزانی لە تویتێکدا پشتگیریی تەواوەتیی خۆی بۆ بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە پابەندکردنی حکومەتی عێراق بۆ بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە دەربڕی و دەستخۆشیی لێکردن.
لە ساڵیادی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەدا لە 16/3/2021 محەممەد حەلبووسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق حكومەتی عێراقی راسپارد رێكارە یاساییەكانی تایبەت بە پارێزگابوونی هەڵەبجە تەواوبكات.
بەپێی ئەو بەڵگەنامەیەی لە 20/3/2021 دەركراوەو واژۆی محەممەد حەلبوسی لەسەرە هاتووە: “لە كۆبوونەوەی ژمارە 44 وەرزی یاسادانانی یەكەم، ساڵی یاسادانانی سێیەم خولی چوارەمی پەرلەمان كە لە 16/3/2021 بەڕێوەچوو، پەرلەمانی عێراق، حكومەتی پابەند كردوە رێكارە یاساییەكانی تایبەت بە پارێزگابوونی هەڵەبجە جێبەجێبكات”.
لە 5/2/2015 پەرلەمانی كوردستان لە كۆبوونەوەی ژمارە یەكی دەرەوەی پەرلەمانی كوردستان  و لە ناو هۆڵی مۆنۆمێنتی شەهیدان، پڕۆژەیاسای بە پارێزگاكردنی شارەكەی پەسەند كرد.
هەڵەبجە لەڕووی هەڵکەوتەی جوگرافییەوە؛
هەڵەبجە بە‌ یه‌كێك له‌ شاره‌ گه‌وره‌‌ و گرنگه‌كانی‌ كوردستانی‌ باشوور ده‌ژمێردرێت. هەڵەبجە  ‌83 كیلۆمەتر لە سلێمانییەوە دوورە و دەکەوێتە باشووری‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ شارەکەوە.
رووبه‌ره‌كه‌ی‌ (1599) كیلۆمه‌تری چوارگۆشه‌یه‌، له‌ 9.39% رووبه‌ری‌ هه‌موو پارێزگای‌ سلێمانی‌ پێكهێناوه‌.‌ به‌ ناوچه‌ی‌ “مسۆگه‌ری‌ باران” ناوده‌برێ‌. له‌ باكووری رۆژهه‌ڵات‌ و باشووره‌وه‌، به‌ چیاكانی‌ هه‌ورامان‌، شنروێ‌‌ و باڵامبۆ ده‌وره‌دراوه‌. به‌درێژایی‌ 75 كیلۆمەتر هاوسنووره‌ له‌گه‌ڵ ئێراندا.
ده‌شتی‌ شاره‌زوور، كه‌ به‌ یه‌كێك له‌ ده‌شته‌ به‌پیت‌ و ناوداره‌كانی‌ جیهان ده‌ناسرێت، به‌شێكی‌ گه‌وره‌ی له‌ رووبه‌ری‌ ئه‌م پارێزگایە پێكهێناوه‌. ده‌شتی‌ شاره‌زوور به‌ رۆژئاوای شاری‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌ست پێده‌كات‌ و له‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناحیه‌ی‌ سوورداش كۆتایی‌ دێت، درێژییه‌كه‌ی‌ نزیكه‌ی‌ 100 كیلۆمەتر ده‌بێت. ئه‌م ده‌شته‌ بژێوی‌ زۆربه‌ی‌ دانیشتووانی‌ ناوچه‌كه‌ی‌ پێكهێناوه‌.
په‌یوه‌ندیی كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌، بازرگانی‌‌ و جوگرافی‌ هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ شاره‌كانی‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان وه‌كو شاره‌كانی‌ نه‌وسود، پاوه‌، باینجان و مه‌ریوان.
شوێنه‌واره‌ به‌ناوبه‌نگه‌كانی‌ ناو شاری‌ هه‌ڵه‌بجه‌‌ و ده‌وروبه‌ری‌ : باخی‌ میر ، قه‌یسه‌ری‌ حامید به‌گ ، مزگه‌وتی‌ پاشا ، مزگه‌وتی‌ جامعه‌ ، مه‌رقه‌دی‌ پیر محه‌مه‌د ، كارێزی‌ حاجی‌ ناجی‌ ، ئاشتی‌ مه‌حمودی‌ یاروه‌یسی‌ ، فره‌ خه‌زێنه‌ ، تووه‌ وشك ، كانی‌ شێخ ، گوڵان ، كانی‌ حه‌مه‌و غان ، كانی‌ سۆفی‌ خدر ، كۆڵه‌ بۆز ، مۆردانه‌، كانی‌ نواڵه‌ و كانی‌ زارا.

 

 

سه‌رچاوه‌ : رووداو

Back to top button