بارزانی له‌میونشن چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌ك ئه‌نجام ده‌دات

خواكوڕك

سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشداری یەكەمین ڕۆژی كۆنفڕانسی ئاساییشی جیهانی لە شاری میونیخی ئەڵمانیا كرد و  لەگەڵ ئێدوارد ناڵبەندیان وەزیری دەرەوەی ئەرمینیا و دێسك نوێنەری كۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی داڤووس و جیمس ماتێس وەزیری بەرگریی ئەمەریكا كۆبۆوە.

به‌پێی هه‌واڵێكی مالپه‌ڕی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ڕۆژی هەینی 17/2/2017 مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئێدوارد ناڵبەندیان وەزیری دەرەوەی ئەرمینیا كۆبۆوە، لە كۆبوونەوەكەدا پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەرمینیا تاوتوێ كرا و وەزیری دەرەوەی ئەرمینیا وێڕای ئەوەی بە فەرمی بانگهێشتی سەرۆك بارزانیی كرد بۆ سەردانی وڵاتی ئەرمینیا، ئەوەیشی خستەڕوو كە وڵاتەكەی بەنیازە كۆنسوڵخانە لە شاری هەولێر بكاتەوە.

هەر لەم دیدارەدا باس لە بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و عێراق و هەرێمی كوردستان و ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵ كرا.

لەدوای ئەو دیدارە سەرۆك بارزانی لەگەڵ دێسك نوێنەری كۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی داڤووس كۆبۆیەوە و لەو دانیشتنەدا نوێنەری كۆڕبەندەكە سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد كە بەشداری كۆڕبەندی داڤووس بووە و هەروەها باسیشی لە كۆڕبەندێكی تایبەت كرد پەیوەست بە بارودۆخی ئابووریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە لە پایتەختی شانشینی ئۆردۆن دەبەسترێت و هیوای خواست سەرۆك بارزانی بەشداری ئەو كۆڕبەندە گرنگەیش بێت.

هەر لە ڕۆژی یەكەم و لە پەراوێزی كۆنفڕانسی ئاساییشی جیهانیی میونیخ سەرۆك بارزانی لەگەڵ جیمس ماتێس وەزیری بەرگریی ئەمەریكا كۆبۆوە.

لە كۆبوونەوەكەدا وەزیری بەرگریی ئەمەریكا خۆشحاڵیی خۆی بۆ دیدار لەگەڵ سەرۆك بارزانی نیشاندا و ڕاشیگەیاند كە لەگەڵ دۆزی كورددا ئاشنایە و كوردستان و ئەمەریكا پێكەوە قوربانیان داوە و سەرۆك بارزانیش وێڕای پیرۆزباییكردن لە وەزیری بەرگریی ئەمەریكا بەبۆنەی دەستبەكاربوونی سوپاسی وەزیری بەرگریی ئەمەریكای كرد و هیوای خواست پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا پێشڤەچوونی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.

هەر لەم دیدارەدا بەدوورودرێژی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵ خرایە بەر باس و گفتوگۆ و وەزیری بەرگریی ئەمەریكا پاڵپشتیی وڵاتەكەی بۆ گەلی كوردستان دووپاتكردەوە و هیوایشی خواست بتوانێ سەردانی هەرێمی كوردستان بكات.

ئێوارەی ڕۆژی هەینی 17ـی 2ـی 2017 و لە پەراوێزی كۆنفڕانسی ئاساییشی جیهانی لە شاری میونیخ سەرۆك بارزانی لەگەڵ موحەمەدجەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران كۆبۆوە.

لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسی و سەربازیی ناوچەكە و شەڕی تیرۆر و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران تاوتوێ كرا.

ئێوارەی هەمان ڕۆژیش سەرۆك بارزانی لەگەڵ خاتوو بیتا مێرك وەزیری دەوڵەت لە هەرێمی باڤاریای ئەڵمانیا كۆبۆوە.

لەدیدارەكەدا خاتوو بیتا مێرك باسی لە سەردانەكەی كرد بۆ هەرێمی كوردستان و پێزانینی بۆ گەلی كوردستان و حكوومەتی هەرێم هەبوو كە میوانداریی ئاوارە و لێقەوماوانی شەڕی تیرۆرن و ئازایەتیی هێزی پێشمەرگەیشی لە شەڕی دژی تیرۆریستان بەرز نرخاند و جەختی لەوە كردەوە كە ئەڵمانیا و هەرێمی باڤاریا بەردەوام دەبن لە پشتیوانیكردنی پێشمەرگە و گەلی كوردستان.

لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی هەڵوێستی خاتوو مێرك و هەرێمی باڤاریای بەرز نرخاند و سوپاسی گەل و حكوومەتی ئەڵمانیای كرد كە لەڕووی سەربازی و مرۆییەوە یارمەتیی هەرێمی كوردستانیان داوە.

شایانی گوتنە ڕۆژی شەممە 18ـی 2ـی 2017 سەرۆك بارزانی زنجیرەیەك دیداری گرنگی دەبێت لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق و شاندێكی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا و وەزیری دەرەوەی ئیتالیا و ژمارەیەكی تری بەرپرسانی باڵای وڵاتان و جیهان كۆدەبێتەوە.

جێگه‌ی ئاماژه‌پێدانه‌ له‌و كۆبوونەوانەدا محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان و شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان و فه‌ریقی یه‌که‌م عومه‌ر عوسمان ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و دکتۆر فواد حوسێن سه‌رۆکی دیوانی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی کوردستان و هێمن هه‌ورامی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌رکردایه‌تی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئه‌نوه‌ر حاجی عوسمان بریکاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ یاوه‌ری سەرۆك بارزانین.

Back to top button