به‌رپرسێكی میلیشیاكان: په‌كه‌كه‌ له‌ میحوه‌ری موقاوه‌مه‌ن و هه‌موو كۆمه‌كێكیان ده‌كه‌ین

له‌ 20ی شوباتى ڕابردووه‌وه‌ به‌پێ ى زانيارييه‌كان به‌ به‌رده‌وامی و به‌ لێشاو میلیشیاكان و په‌كه‌كه‌ دێنه‌ شنگاله‌وه‌ و جێگیر ده‌كرێن، به‌رپرسێكی میلیشیاكانيش ده‌لێ: په‌كه‌كه‌ له‌ میحوه‌ری موقاوه‌مه‌ن و هه‌موو كۆمه‌كێكیان ده‌كه‌ین.

 

له‌وباره‌وه‌ به‌رپرسێك له‌ پارێزگه‌ی نه‌ینه‌وا به‌ ڕۆژنامه‌ی “العربی الجدید”ی ڕاگه‌یاندووه‌، كه‌ بڵاوه‌پێكردنی هێزێكی زۆری میلیشیاكان و په‌كه‌كه‌ له‌ چه‌ند هه‌فته‌ی ڕابردوو پێشهاتێكی ترسناكه‌ و ڕێككه‌وتنێكی ژێر به‌ژێری نێوان میلیشیاكان و په‌كه‌كه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی كۆماری ئیسلامی ئێران و به‌ ئامانجی ڕاده‌ستنه‌كردنه‌وه‌ی شنگال به‌ حكوومه‌ت و هێزه‌ شه‌رعییه‌كانی عێراق.

 

شنگال ده‌كرێته‌ بنكه‌یه‌كی گه‌وره‌ی په‌كه‌كه‌ و هاوشێوه‌ی قه‌ندیلی لێ ده‌كرێ و زۆرینه‌ی هێزه‌كانی په‌كه‌كه‌یش بۆ ئه‌و ناوچه‌یه‌ ده‌گوێزرێنه‌وه‌،

 

ئه‌و به‌رپرسه‌ى پارێزگاى نه‌ينه‌وا زیاتر گوتی، به‌ گوێره‌ی لێكگه‌یشتن و ڕێككه‌وتنی هاوبه‌شی نێوانیان ئه‌و دوو گرووپه‌ ناشه‌رعییه‌، شنگال ده‌كرێته‌ بنكه‌یه‌كی گه‌وره‌ی په‌كه‌كه‌ و هاوشێوه‌ی قه‌ندیلی لێ ده‌كرێ و زۆرینه‌ی هێزه‌كانی په‌كه‌كه‌یش بۆ ئه‌و ناوچه‌یه‌ ده‌گوێزرێنه‌وه‌، چونكه‌ له‌ قه‌ندیل و ناوچه‌ سنوورییه‌كانی عێراقه‌وه‌ ده‌ستی توركیایان پێ ده‌گات و به‌رده‌وام هێرشیان ده‌كرێته‌سه‌ر، ئه‌مه‌یش وا ده‌كات ده‌ستی توركیا زیاتر له‌ نێو خاكی عێراق قووڵ بكاته‌وه‌ و ئه‌نكه‌ره‌ هه‌ڕه‌شه‌ی گه‌وره‌تر له‌ سنوور و سه‌روه‌ری عێراق بكات.

 

هاوكات له‌وباره‌وه‌ په‌رله‌مانتارێكی عێراقیش بۆ ڕۆژنامه‌كه‌ نه‌یشارده‌وه‌ كه‌ ئه‌و جموجۆڵانه‌ی ئێسته‌ له‌ شنگال ده‌گوزه‌رێ له‌ سه‌رووی توانای حكوومه‌تی عێراقه‌ و ڕاسته‌وخۆ پێوه‌سته‌ به‌ ململانێكانی ئێران و توركیا بۆ ده‌ستوه‌ردان له‌ كاروباری عێراق، هه‌رچه‌ند شنگال له‌ سنووری توركیا هێنده‌ نزیك نییه‌، تا هاوشێوه‌ی ناوچه‌ سنوورییه‌كان هێرشی وشكایی له‌لایه‌ن هێزه‌كانی توركیا بكرێته‌ سه‌ر هێزه‌كانی په‌كه‌كه‌، به‌ڵام له‌ ڕووی ئاسمانییه‌وه‌ وا ده‌كات ناوچه‌كه‌ ببێت به‌ گۆڕه‌پانی جه‌نگ و به‌رده‌وام فڕۆكه‌ی جه‌نگی توركیا به‌ ناوچه‌كه‌ ده‌سووڕێنه‌وه‌ و بۆردمانی شوێنه‌ جیا جیاكان ده‌كه‌ن.

 

كاوه‌ شێخ موس كه‌ خۆی به‌ به‌رپرسی پێوه‌ندییه‌كانی په‌كه‌كه‌  له‌ عێراق ناساندووه‌ به‌ “العربی الجدید”ی ڕاگه‌یاندووه‌، كه‌ هه‌ماهه‌نگی و هاوبه‌شی نێوان هێزه‌كانمان له‌گه‌ڵ حه‌شدی شه‌عبی تازه‌ نییه‌ و پێوه‌ندی تۆكمه‌مان چه‌ند ساڵێكه‌ هه‌یه‌ و ئامانجه‌كانمان هاوبه‌شن و به‌یه‌كه‌وه‌ دژی هه‌موو ئه‌وانه‌ ده‌وه‌ستینه‌وه‌ كه‌ له‌ دژی ئێمه‌ و حه‌شد هه‌نگاو ده‌نێن.

 

شێخ كه‌مال ئه‌لحه‌سناوی جێگری سه‌رۆكی بزووتنه‌وه‌ی “ئه‌بدال” كه‌ یه‌كێكی تره‌ له‌ گرووپه‌ میلیشیاكانی سه‌ر به‌ ئێران دووپاتی كرده‌وه‌، كه‌ هێزه‌كانی په‌كه‌كه‌ ئێسته‌ به‌ فه‌رمی بوونه‌ته‌ به‌شێك له‌ میحوه‌ری موقاوه‌مه‌ له‌ دژی سته‌م ده‌وه‌ستنه‌وه‌، به‌وهۆیه‌وه‌ ئه‌گه‌ر هێزه‌كانی په‌كه‌كه‌ پێویستیان به‌ هه‌ر كۆمه‌ك و هاوكارییه‌ك بێت، ئه‌وا حه‌شدی شه‌عبی به‌ هه‌موو توانایه‌وه‌ له‌ سه‌رجه‌م ڕووه‌كانه‌وه‌ كۆمه‌ك و هاوكارییان پێشكه‌ش ده‌كات.

حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی فیدراڵی عێراق له‌ ئۆكتۆبه‌ری ساڵی ڕابردوو ڕێكه‌وتنێكیان بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی شنگال واژوو كرد، به‌ڵام حكوومه‌تی به‌غدا ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌ نییه‌ و میلیشیاكانیش فه‌رمانه‌كانی جێبه‌جێ ناكه‌ن، بۆیه‌ تا ئێسته‌ له‌ واقیع نه‌توانراوه‌ ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ بخرێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌مه‌یش دا ڕێككه‌وتنێكی تر و نهێنی له‌ واقیعی شنگال هه‌یه‌، كه‌ له‌ نێوان حه‌شد و په‌كه‌كه‌ واژووكراوه‌، بۆ گۆڕینی شارۆچكه‌كه‌ بۆ گۆڕه‌پانی جه‌نگ و هاندان و بیانوودانه‌ ده‌ستی توركیا تا په‌لاماری ناوچه‌كه‌ بدات.

موئیه‌د جحێشی پسپۆری كاروباری سیاسی عێراق ڕایگه‌یاندووه‌، كه‌ پێوه‌ندی په‌كه‌كه‌ و گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی حه‌شد تۆكمه‌ و به‌هێزه‌ و له‌ هیچ كه‌سێك شاراوه‌ نییه‌، كلیلی به‌یه‌كگه‌یاندنی هه‌ردوو لایش بریتییه‌ له‌ كۆماری ئیسلامی ئێران، به‌ تایبه‌ت له‌ شنگال، كه‌ ئێران زۆرترین چاوی له‌سه‌ره‌ و ده‌یه‌وێ له‌ ژێر ده‌ستی په‌كه‌كه‌ و میلیشیاكان بمێنێته‌وه‌ كه‌ به‌شێك له‌ به‌ره‌ی موقاوه‌مه‌.

 

ئێسته‌ زیاتر له‌ پێنج مانگ به‌سه‌ر ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ تێپه‌ڕیوه‌، به‌ڵام هه‌نگاوه‌كانی جێبه‌جێكردنی له‌ واقیع به‌دی ناكرێن، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی حكوومه‌تی عێراق چه‌ندان جار هه‌وڵیدا، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی میلیشیاكان به‌ توندی دژی هه‌نگاوه‌كانی حكوومه‌ت وه‌ستانه‌وه‌ و ڕێككه‌وتنه‌كه‌یان ره‌ت كرده‌وه‌، به‌وهۆیه‌وه‌ ڕێككه‌وتنه‌كه‌ نه‌توانراوه‌ بخرێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

 

ئه‌و پسپۆره‌ى كاروبارى سياسى عێراق زیاتر گوتی، ئه‌و پشتیوانییه‌ی ئێران له‌ په‌كه‌كه‌ و كۆمه‌ككردنی له‌ ڕێی میلیشیاكانییه‌وه‌، كارتێكی فشاره‌ له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان به‌ پله‌ی یه‌كه‌م و دواتریش له‌سه‌ر توركیا، به‌ تایبه‌ت كه‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌یه‌وێ سنووره‌كانی ئارام بن و كێشه‌ی له‌گه‌ڵ هیچ لایه‌ك نه‌بێ و خه‌ریكی گه‌شه‌پێدان و بووژانه‌وه‌ی سنووره‌كه‌ و چه‌سپاندنی ئاشتی و ئارامی و پێكه‌وه‌ژیان بێ له‌ ناوچه‌كه‌.

Back to top button