وەزارەتى خوێندنى باڵا: “سەرەتاى هەفتەى داهاتوو پرۆسەى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکان دەستپێدەکاتەوە”

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: پرۆسەى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکان لە هەرێمى کوردستان (حکومى – تایبەت) لەسەرەتاى هەفتەى داهاتوو بە پابەندبون بە ساڵنامەى زانکۆیى دەستپێدەکاتەوە.

عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: رۆژى شەمەى داهاتو کە دەکاتە (27/3/2021) پرۆسەى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان دەسپێدەکاتەوە، بەشێوەیەک زانکۆکان پابەند دەبن بە ساڵنامەى زانکۆی-یان کە لە سەرەتاى ساڵی خوێندنى ئەکادیمى داڕێژراوە.

هەروەک وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتیشى: بۆ پاراستنی پرۆسەى خوێندن، وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى بەهۆی بڵاوبونەوەی پەتای جیهانی کۆڤید-١٩ بڕیاری پەیڕەوکردنی سیستمى خوێندنى ئاوێتەى داوە وەک پێویستیەکى سەردەم و هاوشێوەى زۆربەى زانکۆ بەناوبانگەکانى جیهان، ئەم سیستمە سەرکەوتنى بەرچاوى لە ناوەندەکانى خوێندنی زانکۆ و پەیمانگەکان بەدەستهێناوە. لەو چوارچێوەیەشدا لەگەڵ دەستپێکردنەوەى پرۆسەى خوێندن لەسەرەتاى هەفتەى داهاتو بە پابەند بون بە ڕێنماییە تەندروستیەکان پرۆسەى خوێندن بە سیستمى ئاوێتە بەردەوام دەبێت.

Back to top button