سەرۆك بارزانی پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی قەتەر دەكات
ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ـی ئاداری ٢٠٢١ لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە شێخ محەمەد بن عەبدوڵڕەحمان ئال سانی جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر و شاندێكی یاوەری كرد.
لە كۆبوونەوەی نێوانیاندا وەزیری دەرەوەی قەتەر سڵاوی ئەمیری قەتەری بە سەرۆك بارزانی گەیاند و پێزانینی هەبوو بۆ گەشەسەندن و سەقامگیریی هەرێم و، ڕایگەیاند كە لە هەرێمی كوردستان دەرفەتی زۆر باش بۆ سەرمایەگوزاری هەیە.
ئەوەشی خستەڕوو كە كردنەوەی كونسوڵخانەی قەتەر لە هەولێر دەبێتە زەمینەیەكی باش بۆ كاركردن لەسەر ئەو دەرفەتە ئابووری و سەرمایەگوزارییانەی لە هەرێمی كوردستاندا هەن. هیواشی خواست كە پەیوەندییەكانی هەردوولا گەشەسەندن بەخۆیەوە ببینێت.
لای خۆیەوە سەرۆك وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی لە كردنەوەی كونسوڵخانەی قەتەر لە شاری هەولێر و پێشوازیشی لە فراوانبوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و قەتەر كرد.