باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق: بەردەوام دەبین لە پێشکەشکردنی راوێژ و یارمەتی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە

باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق ده‌لێ : بەردەوام دەبین لە پێشکەشکردنی راوێژ و یارمەتی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە ، هه‌روه‌ها ئامانجە ستراتیجییەکانی ئیدارەی بایدن لە عێراق دەخاتەڕوو.
ماتیۆ توولەر، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق 4 پێشینەی ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکای لە عێراق دیاریکرد کە پێکدێن لە: یەکەم، بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش کە بەهۆیەوە هێزەکانی ئەمریکا بوونیان هەیە لە عێراق.
دووەم، یارمەتیدانی حکوومەتی عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.
سێیەم، بەرەنگاربوونەوەی تەحەددا ئابوورییەکان.
چوارەم، رووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆڕۆنا و قەیرانى گۆڕانکارى کەش و هەوا.
باڵیۆزی ئەمریکا، لە میانی بەشداریکردنی لەڕێگەی کۆنفراسی ڤیدیۆیوە کە لەلایەن “پەیمانگای ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ ئاشتی” رێکخراو بوو، ئەوەى درکاند کە سەرباری گۆڕینی ئیدارەکانی کۆشکی سپی، بەڵام ئامانجە ستراتیجییەکانی ئەمریکا جێگیرن.
هەروەها گوتی، لەناوبردنی “داعش” ئەرکێکی ئەمنییە و لە کارە پێشینەکانی ئەمریکایە لە عێراق.

هاوکات، تیشکى خستەسەر ئەوەى کە بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، لەسەر داوای حکوومەتی عێراقییە، ئامانجەکەشی، ئەنجامدانی ئەرکی دیاریکراوە کە بریتییە لە پێشکەشکردنی راوێژ و یارمەتی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی دژە تیرۆری عێراق بۆ رێگەگرتن لە گەڕانەوەی “داعش”.
Back to top button