ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی: لەگەڵ سەدرییەکان زۆر نزیکین و بەرەو ھاوپەیمانی دەچین

دوای سەردانی شاندێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەغدا باس لە پێکھێنانی ھاوپەیمانییەکی گەورە لە عێراق دەکرێت، ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتییش دەڵێت، ئێمە زۆر نزیکین لە زۆربەی لایەنە سیاسییەکانی عێراق، بەڵام خاڵی ھاوبەشمان لەگەڵ سەدرییەکان زۆرە.

د. جەعفەر ئیمینکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان  ڕاگەیاند: “لەسەر ئاستی عێراق پارتی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ زۆربەی لایەنەکان ھەیە، بەڵام نزیکبوونەوەمان لەگەڵ سەدرییەکان زیاترە، چونکە پارتی لە زۆر ڕووەوە نزیکە لە سەدرییەکان، لەوانەش ئەوان سەقامگیرییەکی ڕێکخستنیان ھەیە، ئێمەیش بەھەمان شێوە، ئەوان مەرجەعی خۆیان ھەیە، پارتییش مەرجەعی خۆی ھەیە، ئەوە دەبێتە ھۆی ئەوەی زیاتر باوەڕی بەوە بدەین لەگەڵیان کۆ ببینەوە، بەغدا گۆڕەپانێکی کراوەیە بۆ ھەموو لایەنە سیاسییەکان و بۆ پارتییش کراوەیە، سەرکردە سیاسییەکانی عێراق لەگەڵ سەرکردەکانی پارتی ئەزموونێکی ھاوبەشیان ھەیە، چ لە سەردەمی پێشمەرگایەتی و، چ لە سەردەمی عێراقی نوێ، لەبەر ئەوە شتێکی نوێ نییە بۆ ئێمە سەردانی یەکتر بکەین، لەگەڵ حیکمەش ھەنگاوی باش نراون، لەگەڵ زۆربەی لایەنە سوننەکان لێکتێگەیشتنمان ھەیە.”

ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ماڵپه‌رى فه‌رمى پارتى ديموكراتى كوردستان دەڵێت: “ئەمەریکا و عێراق چەندین خولی دانوستانیان ھەبووە لەبارەی کشانەوە ھێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، لەبەر ئەوەش، ھەر ڕێککەوتنێک لە نێوان ئەمەریکا و عێراقدا بکرێت ھەرێمی کوردستانیش بەشێکە لەو ڕێککەوتنە، ڕێککەوتنی نێوان ئەمەریکا و عێراق ڕەنگدانەوەی نەرێنیی نابێت، چونکە ئەمەریکا بە دیراسەت دانوستان دەکات و عێراقیش تیمی خۆی ھەیە کە خاوەن ئەزموونن، ھەرکارێکیش بکرێت لە بەرژەوەندیی باڵای عێراق و ھەرێمی کوردستاندا دەبێت.”

پەیوەست بە ڕاگەیاندنی ھاوپەیمانیی نێوان پارتی و لایەنە عێراقییەکان، د. جەعفەر ئیمینکی ئاشکرای کرد: “بەرەو ھاوپەیمانیی سیاسی دەچین، ئەویش دوای پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، بەر لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکانیش ئەو نزیکبوونەوەیە لە چوارچێوەی لێکگەیشتن دادەڕێژرێت.”

ئیمینکی ڕوونی کردەوە: “ڕەوشی عێراق ئاڵۆزە، لەبەر ئەوەش بە شێوەیەکی ڕەشبینی سەیری ڕەوشی عێراق دەکرێت، من بەپێچەوانەوە دەبینم، ھەندێ جار بەھۆی ئەجێندای ئیقلیمی ڕەوشی عێراق بە خراپ وێنا دەکرێت و نائومێدی دروست دەکرێت، بە دیدی من ڕاستە حکومەتی ئێستای عێراق توانای کەمە، بەڵام شایستەی ئەوەیە پاڵپشتی بکرێت، ھەرێمی کوردستانیش دەتوانێت لە ڕەوشی ئێستادا ھەوڵی باشکردنی ڕەوشەکە بدات، ئێمە بەردەوام فاکتەری چاکردنی ڕەوشی عێراقین، پێویستە ڕەوشی عێراق سەقامگیر بێت تا ھەرێمی کوردستانیش سەقاگیری بە خۆیەوە ببینێت.”

لەبارەی پشکی بودجەی ھەرێمی کوردستانەوە د. جەعفەر ئیمینکی گوتی: “ھەندێ لایەن نایانەوێت بەشەبودجەی ھەرێمی کوردستان ڕەوانە بکرێت، بەڵام ئەگەر بە ڕێژە سەیری بکەین، ئەوانەی دژی بەشەبودجەی ھەرێمی کوردستانن ڕێژەیەکی زۆر نین، بەردەوام ھەندێ لایەن ھەڕەشە دەکەن، بەڵام لە کۆتاییدا بودجەش پەسەند دەکرێت، بابەت تەنیا بودجە نییە، دەبێت حکومەتێکی بەھێز لە بەغدا ھەبێت بۆ جێبەجێکردنی بودجە، ھەندێ میلیشیات پەیدا بوون کە ھەموویان بۆ تێکدانی ڕەوشەکەن.”

Back to top button