ئهحمهد ئهنوهر :حكوومەت زۆر بە جیددی كار لەسەر جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی دەكات
سەرۆكی دەستەی دەستپاكی لە ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا ھەنگاوی باشی بۆ جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی ناوە و راپۆرتی دووەمیشی لە قۆناغی كۆتاییدایە، كە بەم زووانە رەوانەی پەرلەمانی دەكات، چونكە حكوومەت لە ئەنجامدانی چاكسازی زۆر جیددییە.
حاكم ئەحمەد ئەنوەر، ئهمرۆ دووشهممه رايگهياند، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بڕیاری داوە ھەر سێ مانگ جارێك راپۆرتێك لەبارەی یاسای چاكسازییەوە رەوانەی پەرلەمان بكات، كە بڕیار بوو ئەم مانگە رەوانە بكرێت، بەڵام بە ھۆی بۆنەكانی نەورۆز و هەروەها بەوپێیەی بەرپرسی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجومەنی وەزیران، ئەندامی شاندی دانوستانكارە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا، ئەمانە بوونەتە ھۆی دواكەوتنی رەوانەكردنی ڕاپۆرتی دووەم لەبارەی یاسای چاكسازییەوە، بەڵام راپۆرتەكە لە قۆناغی كۆتاییدایە و بەم زووانەش رەوانەی پەرلەمان دەكرێت”.
سەرۆكی دەستەی دەستپاكی لە ھەرێمی كوردستان بۆ ماڵپهرى فهرمى پارتى ديموكراتى كوردستان گوتیشی، جێبەجێكردنی بڕگە و ماددەكانی یاسای چاكسازی بەردەوامیی ھەیە و ئێستا پێداچوونەوە بە دۆسیەی فەرمانبەران لە قۆناغی كۆتاییدایە، كە ملیۆنێك و ٢٥٠ هەزار فەرمانبەرمان ھەیە و ٨٠٠ھەزاریان فەرمانبەرن و ئەوانەی دیكە خانەنشین و بەڕێوەبەرە گشتییەكانن لەگەڵ هەموو ئەوانەی مووچەخۆرن و سەرجەم سێكتەرەكانی دیكەش، كە ھەمووی كاری زۆر باشی تێدا كراوە، بۆیە ئەوەیان ھەموو رێك دەخرێتەوە و پێداچوونەوەی تەواوی پێدا دەكرێت و تەنھا ئەوانە دەمێننەوە كە شایشتەن بۆ ئەوەی مووچە وەربگرن.
حكوومەتی ھەرێمی كوردستان زۆر بە جیددی كار لەسەر جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی دەكات و بڕیاری داوە یاساكە بە تەواوی جێبەجێ بكات
دەشڵێ، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان زۆر بە جیددی كار لەسەر جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی دەكات و بڕیاری داوە یاساكە بە تەواوی جێبەجێ بكات، ئەمەش دەبێتە ھەنگاوێكی گرنگ لە بواری چاكسازی لە ھەرێمی كوردستاندا.
ئەنوەر باسی لەوەش كرد، ھەندێك لە پرسەكانی ناو یاساكەش پێویستیان بە بڕیاری سیاسی و ھاوكاریی لایەنە سیاسییەكان ھەیە، بۆیە حكوومەت لە راپۆرتی خۆیدا بۆ پەرلەمان، باسی ھەموو وردەكاری و ھەنگاوەكان دەكات كە ناویەتی لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا، بۆ ئەوەی پەرلەمان و خەڵكیش ئاگاداری چاكسازییەكانی حكوومەت بن.
دەشڵێ، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە ھەموو سێكتەرەكان ھەنگاوی باشی ناوە لە بواری چاكسازیدا و بەردەوامیش دەبێت، تاوەكو سەرجەم بڕگە و ماددەكان جێبەجێ دەكرێن.