باوەڕمان بە بەغدا نەماوە.. چارەنووسمان بە هەرێمی كوردستان گرێدراوە
خواكوڕك
دوای كۆنتڕۆلكردنەوەی ناوچەكانی دەشتی نەینەوا لە تیرۆریستانی داعش, مەسیحیەكانی دەشتی نەینەواو موسڵ داوادەكەن كە ئەوان تەنها لە ژێر چاودێری پێشمەرگە دەگەرێنەوە ناوچەكانیان هاوكات داوا دەكەن كە دەشتی نیەنەوا بكرێتە پارێزگایەكی سەر بە هەرێمی كوردستان.
لە بارەی پرسی سازدانی ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان, سەرۆكی لیستی لیستی گردبوونەوەی كلدان سریان ئاشوور لە پەرلەمانی كوردستان وەحیە یاقوت دەلێت:”ئێمە بە هەموو شێوەیەك لەگەڵ ئەنجامدانی ریفراندۆمین.. كوردستان نموونەی جوانی پێكەوەژیانی تێدایە و زەمینەیەكی لەبار بۆ ئێمە فەراهەم كراوە كە ئەدای كاری سیاسی و پەیڕەوی دینیی خۆمان بكەین، جا لەبەر ئەوە بە دڵنیاییەوە ئەگەر ریفراندۆم بكرێت دەرفەتی باشتر بۆ ئێمە دێتە پێشەوە.
ئەو ئەندامەی مەسیحیەكان لە پەرەلمانی كوردستان دەشلێت:” لە رابردوودا ئەگەر سەیری مەسیحیەكانی دەشتی نەینەوا بكەین وێڕای ئەوەی كە كێشە گەلێكی زۆریان هەیە ئەوا نەیان توانیوە وەك پێویست پەیڕەوی لە دینەكەیان بكەن, كە واتا ئەو ژینگەیەی كە لە كوردستان بۆ مەسیحیەكان فەراهەم كراوە بۆ مەسیحیەكانی دەشتی نەینەوا نەرەخساوە,بۆیە داوا دەكەین ڕیفراندۆم لە دەشتی نەینەوا و هەموو ئەو ناوچانەی مەسیحییەكان تێیدا نیشتەجێن بكرێت، بۆ ئەوەی ئەوانیش بڕیاری خۆیان بدەن و بگەڕێنەوە سەر هەرێمی كوردستان.”
هەروەها ئەم پەرلەمانتارە گلەیەكانی لە حكومەتی بەغدا نەشاردنەوەو گوتی:” ئێمە وەك پێكهاتە باوەڕمان بە بەغدا نەماوە، تەنیا باوەڕمان بە (سەرۆك بارزانی) هەیە، ئاخر چارەنووسی ئێمە گرێدراوە بە هەرێمی كوردستانەوە.. ڕوونە كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەردەوام پشتگیری لە پێكهاتەكان دەكات و، زامنی پاراستنی مافی پێكهاتەكانە، بۆیە باوەڕمان پێیەتی، كاتی خۆیشی (بارزانیی نەمر) زۆر هەوڵی دا مافی پێكهاتەكان بپارێزێت و، زۆر پشتگیری لە مافی پێكهاتەكان دەكرد”.