چاودێران :ئەو پارەیەی لاهوور جهنگى لە سپۆنسەركردنی پەیجهكان بەكارى دێنێت،پارەیەكی خەیاڵییە دەبوایە خزمەتی سلێمانی پێ بكرێ
نووسهر و چاڵاكوانان و چاودێران رەخنەی توند لە لاهوور جەنگی، سەردەستەی تاقمی خۆفرۆشی ١٦ی ئۆكتۆبەر دەگرن و ئاشكرای دەكەن كە ئەو پارەیەی لە بنەڕەتدا پێویستە بخرێتە خزمەتی سلێمانییەوە، دەیدزێت و بەشێكی لێ دەدات بە پەیجە چەواشەكارەكانی.
رێبین رهحیم، نووسهر و چالاكی مهدهنی رايگەیاند، لاهوور جەنگی لە سلێمانی سەدان پەیجی كردۆتەوە كە هەر یەكەیان ئەركی جیاوازە، بەشێكیان تایبەتن بە لێدان لە هێزە سیاسییەكان، بەشێكی دیكەش وەك سیخوڕ خەریكی هاككردنی پەیج و هەژماری خەڵك و بڵاوكردنەوەی وێنەی دەستكرد و درۆكردنن بە دەمی خەڵكەوە، هەروەك دەشزاندرێت كە سەدان پەیجی سەر بە لاهوور جەنگی لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی پێشێلكردنی یاساكانی كۆمپانیای (فەیسبووك)، داخران و ”كۆمپانیاكە سەدان پەیجی سەر بە لاهوور جەنگی فلاگ كرد، بەهۆی خراپیی ئاستیان و ئەو درۆ و چەواشەكارییانەی بڵاوی دەكەنەوە“.
هەر لەمبارەیەوە فورسهت سهید شوکر، چالاكی مەدەنی و شارەزای بواری سیستەمەكانی زانیاری رايگەیاند: ”بەپێی ئەو شێوازی كاركردنەی هەیانە و ئەو چاودێرییەش كە لەسەر پەیجەكان دانراوە، پێشبینی دەكەین کۆمپانیای فهیسبووک سهدان پهیجی دیکهی سەر به لاهوور جهنگی دابخات، چونكە ئەوانە لە دەرەوەی سیاسەتی كۆمپانیاكە بۆ كاری سیخوڕی و هەواڵگری بۆ لاهوور و ئەو لایەنانە كار دەكەن كە لاهوور نۆكەرایەتییان بۆ دەكات“.
گوتیشی: ”هەندێك لە پەیجەكانی لاهوور، ئەدمینەكانیان لە وڵاتانی دراوسێن و تەنیا لە سلێمانیدا سپۆنسەر دەكرێن“.
ئەو چاودێرە جەختی كردەوە كە لاهوور جەنگی لە لایەن كۆمپانیا ئەمریكییەكەوە (فەیسبووك) فلاگ كراوە و نیشانی پرسیاری لەسەرە، چونكە ”ئەو پارەیەی لە سپۆنسەركردنی ئەم پەیجانە بەكار دێت، پارەیەكی خەیاڵییە و لە بنەڕەتدا دەبوایە خزمەتی سلێمانی پێ بكرێت، كەچی لاهوور جەنگی دەیدزێت و پەیجی پێ ئیدارە دەدات“.
لە لایەن خۆیەوە عهتا ئهحمهد، نووسهر و چاودێری سیاسيی لە هەڵەبجە رايگەیاند: ”ئهم پهیجانه راستهوخۆ کاری سیخوڕی دهکهن، بوونهته پهیجی ترسناک بۆ لێدان و ئابڕووبردنی خودی ئهندامانی خۆشیان، بە پارەیەكی زۆر لە لایەن لاهوور جەنگییەوە سپۆنسەر دەكرێن، بهشێکیان هەموو كاریان ئەوەیە بەدوای ژیانی خەڵك بكەون و هەوڵی ئابڕووبردنیان بدات، لە پێناو سوودگەیاندن بە لاهوور جەنگی، تەنانەت ڤیدیۆی ئابڕووچوونی ئەندامی سەركردایەتیی حزبەكەی خۆشیان بڵاو كردۆتەوە“.
س: باسنيوز