به‌رهه‌م ساڵح لیستێك له‌ ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی پێكده‌هێنێت بۆ هه‌ڵبژاردنی عێراق و دواتر له‌گه‌ڵ یه‌كێتی یه‌كده‌گرێته‌وه‌

 

 

دوای ئه‌وه‌ی به‌رهه‌م ساڵح حزبێكی پێكهێنا به‌ ناوی هاوپه‌یمان، دواتر حزبه‌كه‌ی جێهێشتوو بۆ گه‌یشتن به‌ پۆستی سه‌رۆك كۆمار گه‌ڕایه‌وه‌ نێو یه‌كێتی له‌ ئێستا بۆ به‌ ده‌ست هێنانی خولی دووه‌می سه‌رۆكایه‌تی كۆمار، بڕیاریداوه‌ لیستێك دروست بكات و دواتر له‌گه‌ڵ یه‌كێتی یه‌كبگرنه‌وه‌ به‌ مه‌رجێك بكرێته‌وه‌ سه‌رۆك كۆمار.

به‌ پێی زانیاریه‌كانی ده‌زگای میدیای خواكوڕك له‌ ئیستادا به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماری عێراق، له‌ هه‌وڵی پێكهێنانی لیستێكی نوێیه‌ بۆ په‌رله‌مانی عێراق كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ باڵێكی یه‌كێتی و ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی كه‌ له‌سه‌ر لیستی هاوپه‌یمانی ده‌رچوون و به‌شێك له‌ ئه‌ندامانی هاوپه‌یمانی هیوا و چه‌ند كه‌سایه‌تیه‌كی دیكه‌ی سیاسی و رۆژنامه‌نووسێك و كه‌سایه‌تی ناڕه‌زای نێو بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان.

سه‌رچاوه‌ی زانیاریه‌كانی خواكوڕك ئاشكراشی كردووه‌ كه‌ لیسته‌كه‌ به‌سه‌رۆكایه‌تی مه‌سعود عه‌بدولخالق ده‌بێت و به‌ مه‌به‌ستی فراوانكردنی بازنه‌ی هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌یان سه‌ردانی چه‌ند لایه‌نێكی سیاسی كردووه‌، به‌ڵام له‌ لایه‌ن هه‌ریه‌كه‌ له‌ كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو داواكاریه‌كه‌ ره‌تكراوه‌ته‌وه‌.

چاودێرێكی سیاسیش به‌ خواكوڕكی راگه‌یاند كه‌ به‌رهه‌م ساڵح ده‌یه‌وێت به‌ ناوی جیا بوونه‌وه‌ی له‌یه‌كێتی ده‌نگه‌ ناڕازیه‌كان به‌ ده‌ست بهێنێت و دواتریش به‌ رێككه‌وتن و گواستنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان بۆ نێو لیستی یه‌كێتی پۆستی سه‌رۆك كۆمار به‌ده‌ست بهێنێت.

هه‌روه‌ها ده‌شڵێت به‌رهه‌م ساڵح ده‌یه‌وێت ده‌نگه‌ ناڕازیه‌كانی كوردستان، به‌فێل بۆ یه‌كێتی بباته‌وه‌.

Back to top button