د. عەلی دۆڵەمەری : بەردی بناغەی ئەم پەیوەندییەی نێوان هەرێمی كوردستان و فەڕەنسا، لەسەر دەستی (سەرۆك بارزانی) دانرا

دوێنێ دووشەممە، (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە پاریس و، بڕیارە ئەمڕۆ لە كۆشكی ئیلیزێ لە پاریس، لەگەڵ سەرۆككۆماری فەڕەنسا (ئیمانوێل ماكرۆن) كۆببێتەوە، نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش لە فەڕەنسا دەڵێ، دۆسیەی هەرێمی كوردستان لە كۆشكی كۆماریی فەڕەنسا هەیە و گرنگیی زۆری پێ دەدەن، فەڕەنساش لە ڕابردوودا پیشانی داوە كە دۆستی كوردە و دەیەوێ بیسەلمێنێ كە لە داهاتووشدا دۆستی كورد دەبێت.

نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە فەڕەنسا، د. عەلی دۆڵەمەری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگه‌ياندووه‌: “ئەمڕۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی)، دوو كۆبوونەوەی گرنگی دەبێت، كۆبوونەوەی یەكەمدا سەعات (1) و چارەكی پاشنیوەڕۆیە بە كاتی پاریس، بۆ نانخواردنی نیوەڕۆ‌ لە كۆشكی ئیلیزێ لەگەڵ (ئیمانوێل ماكرۆن)، سەرۆككۆماری فەڕەنسا دادەنیشن، كۆبوونەوەی دووەمیش سەعات (6) و نیوی ئێوارە بە كاتی پاریس، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا كۆدەبێتەوە”.

دۆڵەمەری، لەبارەی گرنگیی سەردانەكەش گوتوويه‌تی: “ئێستا ئەورووپا و فەڕەنساش لە بارودۆخێكی زۆر خراپدان سەبارەت بە پەتای كۆرۆنا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، بانگهێشتی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیان كردووە، بۆ ئەوەی لەسەر ‌دواپێشهاتەكانی عێراق گفتوگۆ بكەن، چونكە هەرێمی كوردستان بۆ فەڕەنسا زۆر گرنگە و ئێستا دۆسیەی هەرێمی كوردستان لە كۆشكی كۆماری فەڕەنسا هەیە و بایەخی زۆری پێ دەدەن.”

دەشڵێ: “داوەتكردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەلایەن فەڕەنساوە، بۆ داهاتووی هەرێمی كوردستانیش گرنگە، چونكە لە رووی نێودەوڵەتییەوە كوردستان دەچێتە بوارێكی ترەوە و وڵاتانی تریش دەستپێشخەر دەبن و چاو لە فەڕەنسا دەكەن، كە وڵاتێكی زلهێزە و ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە و ئەندامیشە لەناتۆ، هەروەها بە هاوبەشی لەگەڵ ئەڵمانیا سەركردایەتیی یەكێتیی ئەورووپا دەكات و، یەكێكە لەو وڵاتانەی كە چەكی ئەتۆمی هەیە، بۆیە ئەمە دەبێتە هاندەر بۆ ئەوەی وڵاتانی تریش پێشوازی لە سەركردەكانی كورد نەك تەنها لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەڵكو لە سەرۆكی حكوومەت و بەرپرسانی تریش بكەن، ئەمەش وا دەكات دۆسیەی كورد بچێتە قۆناغێكی بەرزتر لە بواری نێودەوڵەتیدا.”

بەردی بناغەی ئەم پەیوەندییەی نێوان هەرێمی كوردستان و فەڕەنسا، لەسەر دەستی (سەرۆك بارزانی) دانرا، كە ئەوكات بۆ یەكەم جار لە ساڵی 2010 سەردانی فەڕەنسای كرد و لەلایەن ساركۆزییەوە پێشوازی لێ كرا و بووە هۆی ئەوەی هەردوو سەرۆكایەتیی فەڕەنسا و هەرێمی كوردستان، پەیوەندییەكی بەهێزیان هەبێت

د. عەلی ئاماژەشی دا: “فەڕەنسا دەزانێت چارەسەری ئاشتەوایی و سەقامگیریی عێراق و ناوچەكە، بە بێ هەرێمی كوردستان ناكرێت، بۆیە ئەمڕۆ داوەتی نێچیرڤان بارزانی كراوە، بۆ ئەوەی باسی بابەت و پرسە گرنگەكان بكەن، بە تایبەت پرسی داعش كە هەر ماوە، فەڕەنسا دەیەوێ لە رووی ئایدۆلۆژیاشەوە كەم بكرێتەوە،‌ هەروەها پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و فەڕەنسا لە بوارەكانی كەلتووری و رۆشەنبیری و ئابووری، تاوتوێ دەكەن”.

نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە فەڕەنسا روونیشی كردەوە: “بەردی بناغەی ئەم پەیوەندییەی نێوان هەرێمی كوردستان و فەڕەنسا، لەسەر دەستی (سەرۆك بارزانی) دانرا، كە ئەوكات بۆ یەكەم جار لە ساڵی 2010 سەردانی فەڕەنسای كرد و لەلایەن ساركۆزییەوە پێشوازی لێ كرا و بووە هۆی ئەوەی هەردوو سەرۆكایەتیی فەڕەنسا و هەرێمی كوردستان، پەیوەندییەكی بەهێزیان هەبێت”.

دۆڵەمەری ئەوەشی خستە ڕوو: “فەڕەنسا لە ڕابردوودا پیشانی داوە كە دۆستی كوردە و دەیەوێ بیسەلمێنێت كە لە داهاتووشدا هەر دۆستی كورد دەبێت و هاوكاری گەلی كوردە”.

گوتیشی: “ئەگەر بە شێوەیەكی گشتی تەمەشای كۆبوونەوەی نێوان سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكانی فەڕەنسا بكەین، بە كۆبوونەوەی ئەمڕۆوە دەبێتە 11ـیەمین كۆبوونەوەی نێوان هەردوولا، كە زۆرگرنگە لە مێژوودا لە 11 ساڵدا، 11 كۆبوونەوە هەبووە، كە‌ لەسەر ئاستی دەوڵەتانیش بەم شێوەیە نەبووە”.

Back to top button