بەرهەم سالح بۆچی و تاكەی بەشداری كۆبونەوەكانی مەكتەبی سیاسی حزبەكەی ناكات
خواكوڕك
بەرهەم احمد ساڵح ئەندامی مەكتەبی سیاسی و جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ، سوورە لەسەر بەشدارینەكرنی لە كۆبونەوەكانی مەكتەبی سیاسی حزبەكەی ، كە ئەندامانی هەردوو باڵی (ناوەندی بڕیارو زۆرینەی مەكتەب سیاسی ) بەشداری تێدا دەكەن .
مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئەمڕۆ بۆ جاری سێیەم بە سەرپەرشتی (كۆسرەت ڕەسوڵ ) جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی ، لە دوای ڕاگەیاندنی ناوەندی بڕیار بە ئامادەبوونی هەردوو باڵی ناوەندی بڕیارو زۆرینە لە شاری سلێمانی كۆبونەوەو چەند پرسێكی حزبەكەیان تاوتوێ كرد .
بە پێی سەرچاوەكانی خواكوڕك چەند جارێك ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی پەیوەندییان كردووە بە (دكتۆر بەرهەم ساڵح ) ەوە كە بەشداربێت لەگەڵیان ، بەڵام (بەرهەم ساڵح ) ڕەتی كردووەتەوە و وتوویەتی ” بەشدار نابم ، چونكە پێم وایە بەمجۆرە كێشەكان چارەسەر نابن ، بەڵام نابمە ئاستەنگ و ڕێگریش نابم لە كۆبونەوەكان “.
دیسانەوە سەرچاوەكان ئاماژە بە ڕێكەوتنی نێوان ( كۆسرەت رەسوڵ و پاڤێڵ تاڵەبانی ) بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوماڵی یەكێتی دەكەن ، بەڵام (بەرهەم ساڵح ) نەچووەتە ژێر باری ئەو ڕێكەوتنەو پێی باش نەبووە ، نێوەندگیری (پاڤێڵ تاڵەبانی ) هەردوو باڵەكەی یەكێتی (ناوەندی بڕیارو زۆرینە)ی لیكنزیك كردووەتەوە و بەدوای دەرچەیەكدا دەگەڕێن كە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی حزبەكەیان لە دوای نەخۆش كەوتنی ( جلال تاڵەبانی ) سكرتێری گشتی یەكێتی ناكۆكی قوڵی دروست كردووە .