حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان : بەداخەوە ئه‌وه‌ى ئەمڕۆ لە دانیشتنی پەرلەمان بینیمان ئامانج لێی تەنیا خۆدەرخستن و دروستکردنى ڕق و نانەوەی پشێوییە.

د. جوتيار عادل ، گوته‌بێژى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ راگه‌يێنراوێكدا له‌باره‌ى قسه‌كانى هاورێ مه‌لاستارى په‌رله‌مانتارى يه‌كێتى كه‌ له‌ دانيشتنى ئه‌مرۆى په‌رله‌مانى كوردستان بێ رێزى به‌ ئافره‌تان كرد ڕايده‌گه‌ينێت : بەداخەوە ئه‌وه‌ى ئەمڕۆ لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بینیمان ئامانج لێی تەنیا خۆدەرخستن و دروستکردنى ڕق و نانەوەی پشێوییە.

ده‌قى راگه‌يێنراوه‌كه‌ى گوته‌بێژى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان :

لە کاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەوڵ و کۆششی تەواو دەدات لە پێناو خزمەتکردنی هاووڵاتیان و زامنکردنی بژێویان و دەستەبەرکردنی ئارامی و خزمەتکردنی سەرجەم چین و توێژەکانی هەرێمی کوردستان. بەڵام بەداخەوە کەسانێک هەن خۆیان بە نوێنەری گەل دەزانن، کەچى دەستەواژەی نەشیاو و دوور لە کاری پەرلەمانی و سیاسى بە کار دەهێنن و ڕەفتاری نابەجێ ئەنجام دەدەن وەک ئەوەی بەداخەوە ئەمڕۆ لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بینیمان کە ئامانج لێی تەنیا خۆدەرخستن و دروستکردنى ڕق و نانەوەی پشێوییە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ڕێزەوە دەڕوانێتە کاری پەرلەمانی و باشترین پەیوەندیشی لە گەڵ دامەزراوە دەستوورییەکان و پەرلەمانی کوردستان هەیە. چاوەڕوانى ئەوەشى هەیە پەرلەمانتاران لە چوارچێوەی یاسا و ڕێساکاندا، هەڵسوکەوت بکەن و بەرگری لە مافی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بکەن.

د.جوتیار عادل
گوتەبێژى فەرمی حکومەتى هەرێمى کوردستان
2021/3/31

Back to top button