کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق تۆمارکردنی بایۆمەتری دەنگدەرانی تاوەکو ١٥ی نیسان درێژکردەوە

 

 

 

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق تۆمارکردنی بایۆمەتری دەنگدەرانی بۆ ماوەی ١٥ رۆژی دیکە درێژ کردەوە.

 

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، جومانە غەللای لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاریدا بە درێژکردنەوەی ماوەی تۆمارکردنی بایۆمەتری دەنگدەران تاوەکو ١٥ی نیسانی داهاتوو.

 

تۆماری بایۆمەتری بریتییە لە خۆتۆمارکردنی دەنگدەران بەشێوەی ئەلیکترۆنی بەجۆرێک کە پەنجەمۆر و وێنەی دەنگدەر وەردەگیرێت و پسوولەیەکی تایبەتی پێدەدرێت، ئەمەش وەک دڵنیاییەکە لە پاراستنی مافی دەنگدەر.

 

ئەمڕۆ، ٣١ی ئادار ئەو وادەیە کۆتاییهات کە بۆ نوێکردنەوەی تۆماری بایۆمەتری دەنگدەران دیارییکرابوو.

 

بەپێی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژارنەکان، تاوەکو ئێستا ٣٠ هاوپەیمانیی کە ٢٥٠ حزبی سیاسیی لەخۆدەگرێت خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو تۆمارکردووە.

 

بەپێی راگەیەندراوی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کە لە کۆتایی ٢٠٢٠ بڵاویکردەوە، ٢٥ ملیۆن و ١٣٩ هەزار و ٣٧٥ دەنگدەر مافی بەشدارییکردنیان لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەیە کە بڕیارە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی داهاتوو بەڕێوەبچێت.

 

Back to top button