لە میونشن: سیناتۆرە ئەمریكییەكان بۆ سەربەخۆیی لە ئێمە بەجۆشترن

خواكوڕك
دوای بەشداریكدنی شاندی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی (مسعود بارزانی) سەرۆكی هەرێی كوردستان لە 53یەمین كۆنگرەی میونشن بۆ ئاسایشی جیهانی ئەندامێكی شاندی هەرێمی كوردستان دەلێت:” سیناتۆرە ئەمریكییەكان بۆ سەربەخۆیی لە ئێمە بەجۆشترن”

محەممەد حاجی مەحموود، سكرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان و ئەندامی شاندی كوردستان لە كۆنگرەی ئاسایشی جیهانی لە میونشن دەڵێت لە هەموو كۆبوونەوەكان باسی پرسی سەربەخۆیی كوردستانیان هێناوەتەگۆڕێ و پرسەكەیان بەبێ جیاوازی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریكا، ئەڵمانیا، نەتەوە یەكگرتووەكان و كوێت باسكردووە. دەشڵێت “هەندێكیان بە مافی ئێمەی دەزانن و هەندێكیش بێدەنگن، هەندێكیشیان سەتا سەت لەگەڵمانن وەكو سیناتۆرەكانی ئەمریكا، لەوانە جۆن مەككین، رەنگە لە ئێمە بەجۆشتربن بۆ ئەو پرسە، بۆیە پرسی سەربەخۆیی بەو راددەیە گەیشتووە، تەنها لەسەر كورد خۆی ماوەتەوە”.

پرسی سەربەخۆیی و چەند بابەتێكی دیكە لە كۆبوونەوەكان تاوتوێكراون، محەممەد حاجی مەحموود گوتی ” لە گەڵ بەغدا چارەسەرەكان ئەوەندە ئاسان نەبن، چونكە ئەزموونەكانی 80 ساڵ حكومی سوننە و 11 ساڵ حكومی شیعە لە عێراق ئەوە دەردەخات سەركەوتوو نەبوونە و پێویست دەكات پێداچوونەوەی پێدا بكرێت، بۆیە دەكرێت ئێمە پێكەوە دراوسێیەكی باش بین، لەبری ئەوەی رۆژانە كێشەكانمان زیاد ببن”.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سكرتێری حزبی سۆسیالیستی كوردستان دەلێت:” سیناتۆرەكانی ئەمریكا بەڵێنیان بە شاندی كوردستان داوە هەرگیز كورد جێنەهێڵن, كورد جارێكی دیكە نابێتە پاشكۆ لە هیچ جێگەیەكدا بەتایبەتی لە عێراق”.

هەروەها لەبارەی هەڵوێستی ئێران و توركیا بۆ پرسی سەربەخۆیی كوردستان، ئەندامەكەی شاندی كوردستان لە كۆنفرانسی میونشن گوتی ” لە ماوەی 25 ساڵی رابردووشدا كوردستان نیمچە سەربەخۆ بووە، لەو ماوەیەشدا كورد نەبووتە هەڕەشە بۆ سەر یەكێك لەو دوو وڵاتە، بەڵكو لە زۆر رووەوە سوودی بۆ ئەو دوو وڵاتە هەبووە”. گوتیشی “راستە هەڵوێستی وڵاتان بۆ ئێمە گرنگە، بەڵام دواجار ئێمە خۆمان خاوەن بڕیارین، كورد خۆی خاوەن بڕیارە، هیچ كەسێك سەربەخۆیی ناخاتە سەر سینییەكی زێڕین و پێشكەشی كوردی بكات”.

Back to top button