بابەکر زێباری، ئەگەر حکومەتی عێراقی هەماهەنگی لەگەڵ پێشمەرگە نەکات، عێراق وێران دەبێت

دوای ئەوەی جموجۆلەکانی داعش لە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم زیادی کرد، راوێژكاری سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بۆ كاروباری سەربازی رایده‌گه‌یه‌نێت، بێگومان ئەگەر عێراق لەگەڵ پێشمەرگە ھەماھەنگی نەكات بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ناوچەكان، عێراق وێران دەبێت و دۆخەكە زۆر خراپ دەبێت.
بابەكر زێباری، راوێژكاری سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بۆ كاروباری سەربازی بە ماڵپەڕی پارتی رایگەیاندووه‌، “لە ئێستادا داعش وەكو پێشتری لێ نەھاتووەتەوە، بەڵام ئەگەر رێگرییان لێ نەكرێت و بەو شێوەیە جموجۆڵیان لە زیادبووندا بێت وەک پێشوویان لێ دێتەوە، چونكە لە دیالە و كەركوک و سەڵاحەدین و ئەنبار، خەڵكێكی زۆر گەیشتوونەتە داعش و ژمارەیان زۆر زیادیكردووە، كە بە رۆژ خەڵكی ئاسایین و بە شەو داعشن، ئەوانیش زیاتر لەو ناوچانە خۆیان رێک دەخەنەوە، كە بۆشایی ئەمنی هەیە.”
هەروەها راوێژكاری سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بۆ كاروباری سەربازی راشیگەیاند “داعش بە شێوەیەكی مەترسیدار سەریھەڵداتەوە و ھاوپەیمانانیش ھەستیان بەو مەترسییە كردووە و لە ھەفتەی رابردووەوە بەردەوام مۆڵگەكانی داعش بۆردومان دەكەن، چونكە ئەوان باش ھەست بە مەترسی دەكەن و دەزانن داعش جموجۆڵ و كردەوەكانی لە ناوچە جیاجیاكانی عێراق زیادیكردووە.”
بابەكر زێباری باسی لەوەشكرد، “ھاوپەیمانان زانیاریی تەواویان لەسەر جموجۆڵی داعش ھەیە و ھەست بەو مەترسییە دەكەن، بۆیە دەیانەوێت ھەرێم و بەغدا رێككەوتن بكەن و پابەندی رێككەوتن بن بۆ ئەوەی لەو ناوچانە ھەماھەنگییان ھەبێت.”
ئاماژەی بەوەشکرد، “ھاوپەیمانان ھاوكارن بۆ ئەوەی ھەرێم و بەغدا لە بواری سەربازیدا بگەنە رێككەوتن، بەڵام ناتوانن لەسەریان فەرز بكەن و حكومەتی عێراقیش یەكدەنگ نییە و چەندین رای جیاوازن، بۆیە تا ئێستا پابەندی رێككەوتنەكان نابن لەگەڵ ھەرێمی كوردستان كە بێگومان ئەگەر عێراق سەركردایەتییەكی یەكگرتووی نەبێت و چەک تەنھا لە دەست خۆی بێت و لەگەڵ پێشمەرگە ھەماھەنگی نەكات بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ناوچەكان، عێراق وێران دەبێت و دۆخەكە زۆر خراپ دەبێت، بۆیە پێویستە پەلە بكرێت لە رێككەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا.”
راوێژكاری سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بۆ كاروباری سەربازی دەشڵێت، “ئەگەر داعش بەو شێوەیە لە كاری خۆی بەردەوام بێت ھاوشێوەی رابردووی لێ دێتەوە، بەڵام جارێ دەرفەت ماوە رێگریی لێبكرێت.”
Back to top button