بۆ يهكهمجار كچه كوردێك لە ئەکادیمیای ساندهێرستی سەربازیی شاهانەی بەریتانیا خولی سەربازی تەواو دهكات

میدیا مەستی بووە یەکەمین کچی کورد کە لە ئەکادیمیای ساندهێرستی سەربازیی شاهانەی بەریتانیا خولی سەربازی تەواوبکات و دەربچێت.
سوپای بەریتانیا پەیامی کچە پێشمەرگەکەی لە پێگەکانی خۆی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا میدیا بە شانازییەوە باس لە ئەزموونی خۆی دەکات و دەڵێت “لە بنەڕەتدا من خۆم بۆ خولێکی ئاسایی ناونووسکردبوو. ژمارەیەک دیمانەم ئەنجامدا تاوەکو هەڵبژێردرام و دواتر ئێمە تەنیا دوو کەس ماینەوە، من و کچێکی دیکە. تیمی ساندهێرست منیان بەدڵ بوو و پێشنیازیان بۆ کردم کە لە بری ئەوە، خولی سەربازی وەربگرم، منیش ئەوەم زۆر بەدڵ بوو. کاتێک کە بە خێزانەکەم گوت شوێنەکە ئەکادیمیای ساندهێرستە، پێیان گوتم، ‘پێویستە بڕۆی’.”
پێش ئەوەی بەشداری لە خولەکەدا بکات، میدیا لە نەخۆشخانەیەکی تایبەتی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستان وەکو پزیشک کاریکردووە. ئەو کچە کوردە بە شانازییەوە باس لە تەواوکردنی خولەکە دەکات و دەڵێت، کە گەڕایەوە کوردستان، دەچێتە نێو ریزەکانی پێشمەرگە.
لەبارەی ئەزموونی خۆی لەو خولەدا، میدیا باس لەوە دەکات کە پێش دەستپێکردنی خولەکە، هەموو زانیارییەکیان لەبارەی راهێنانەکانەوە پێیداوە و تیمەکە پێی گوتووە کە هەموو ئەوانەی لە خولەکەدا بەشدارن پزیشک و پارێزەرن، بۆیە دەڵێت “وامزانی خولەکە زۆر ئاسان دەبێت، بەڵام وانەبوو. دوو هەفتەی یەکەم زۆر زەحمەت بوو، بە تایبەتیش راهێنانەکان، نووستن لەو کەشە ساردەدا و بەکارنەهێنانی رووناکی و گڵۆپ. هەرگیز بیرم لەوە نەکردبووەوە بتوانێم خولێکی لەو جۆرە تەواوبکەم.”
س: رووداو