هه‌ڵكه‌وت لاله‌ ئه‌نوه‌ر: مووچه‌ى مانگانه‌م ده‌به‌خشم و ساڵانەش یارمەتیدانی لاوان بۆ هاوسەرگیریی دەگرمە ئەستۆ

 په‌رله‌مانتارێكى فراكسيۆنى پارتى ديموكراتى كوردستان موچه‌ى يه‌كه‌م مانگى ده‌به‌خشێته‌ كه‌سانى هه‌ژار و كه‌مده‌رامه‌ت و له‌مانگه‌كانى داهاتووش به‌رده‌وام ده‌بێت، ئه‌مه‌ش دواى مانگێك له‌ده‌ست به‌كاربوونى دێت وه‌ك ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان له‌شوێنى ئومێد خۆشناو دواى ئه‌وه‌ى بوويه‌ پارێزگارى هه‌ولێر .

هه‌ڵكه‌وت لاله‌ ئه‌نوه‌ر په‌رله‌مانتارى فراكسيۆنى زه‌رد له‌ په‌رله‌مانى كوردستان دواى دابه‌شكردنى مووچه‌كه‌ى ڕايگه‌ياند :” خۆشبەختانە دوێنێ بەڵێنەکانمان چاندو ئەمرۆ بەرهەمەکەی دروێنە دەکەین بۆ خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ گوتيشى :” من وەک پەرلەمانتاری کوردستانی، هەڵکەوت لالە ئەنوەر ئەمرۆ وەک یەکەم پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان بەڵێنەکەم بۆ پشتگیریی و یارمەتیدانی ماڵە هەژارو بێ نەوایان، بەجێ دێنم و یەکەم موچەی پەرلەمانتاریەکەم دەبەخشمە کۆمەڵێک ماڵە هەژار بەبێ جیاوازی حیزبی و ئایدۆلۆژیی.
وه‌ك ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ گوتى :” راستە موچە، ئیمتیازات و مافی رەوای هەر پەرلەمانتارێکە، بەڵام ئاسودەکردنی دڵی هەژاران و پۆشتەکردنی منداڵێکی بێ نەوا بۆ من و هاوڕێکانم گەورەترین ماف و ئەرک و ئیمتیازە بە شانازییەوە.
ناوبراو زياتر گوتى :” ئەو بەڵێنەی کە لە سەروەختی پروپاگەندەکانی هەڵبژاردن بە خەڵک و دەنگدەرانم دابوو لێی پەشیمان نیم و بیرتان دەخەمەوە کە ئەوە منم و لێرەم و بە دەنگی بەرز دەڵێم تەماحم لە یەک فلس و دیناری موچەکەمدا نییە،
هه‌روه‌ها هه‌ڵكه‌وت لاله‌ گوتيشى :” لە شارۆچکەی زەڕایەن بە ئامادەبوونی کەناڵەکانی راگەیاندن و پیاوماقوڵان،ئەمرۆ کۆی موچەی ئەم مانگەم دابەش كرد بەسەر پەنجا و سێ ماڵە هەژارو کەمدەستی ناوچەکەی خۆمان.
له‌ كۆتايى لێدوانه‌كه‌شيدا په‌رله‌مانتاره‌كه‌ى فراكسيۆنى پارتى ديموكراتى كوردستان گوتى :” پشتیوان بە خوای گەورە هەر مانگەی لە ناوچەو دەڤەرێک موچەی مانگەکانی ترم دابەش دەکەم بۆ هەژاران و ساڵانەش یارمەتیدانی لاوان بۆ هاوسەرگیریی دەگرمە ئەستۆ، ئەمەش بەشێکە لەو بەڵێن و کارنامە پەرلەمانیەی کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان کە بڕیارە بۆ هەمیشە لە خزمەتی خەڵک و چینی هەژاراندا بین.”

 

Back to top button