سەرۆك بارزانی : كۆچی دوایی ڕەمزی شەعبان و لە دەستدانی ئەو سەركردە ماندوونەناسە بۆ هەموو لایەكمان خەسارەتێكی گەورەیە.

سه‌رۆك بارزانى بۆ كۆچى دوايى ڕه‌مزى شه‌عبان په‌يامێكى سه‌ره‌خۆشى به‌ڵاو كرده‌وه‌ و له‌ به‌شێكى په‌يامه‌كه‌دا هاتووه‌: ڕەمزی شەعبان تەمەنی خۆی بۆ خەبات و كوردایەتی و خزمەتكردن لە ڕیزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستاندا تەرخان كرد و لە هەموو قۆناغەكاندا كادیر و پێشمەرگەیەكی دڵسۆز و بەوەفای ڕێبازی بارزانی و نیشتیمانپەروەری بووە و، هەمیشە ئەرك و كارەكانی بە ڕۆحێكی كوردانە و ماندوونەناسانە و، بە باشترین شێوە ئەنجام داوە. كۆچی دوایی ڕەمزی شەعبان و لە دەستدانی ئەو سەركردە ماندوونەناسە بۆ هەموو لایەكمان خەسارەتێكی گەورەیە.
ده‌قى پەیامی سەرۆك بارزانی بۆ كۆچی دوایی ڕەمزی شەعبان:
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
بەداخێكی زۆرەوە ڕۆژی شەممە 3ـی نیسانی 2021 پێشمەرگە و خەباتگێڕ و كادیری سەركردە و شۆڕشگێڕ و ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی و بەرپرسی مەكتەبی بەڕێوەبردن و دارایی پارتی دیموكراتی كوردستان، هەڤاڵ (ڕەمزی شەعبان) بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد. ڕەمزی شەعبان تەمەنی خۆی بۆ خەبات و كوردایەتی و خزمەتكردن لە ڕیزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستاندا تەرخان كرد و لە هەموو قۆناغەكاندا كادیر و پێشمەرگەیەكی دڵسۆز و بەوەفای ڕێبازی بارزانی و نیشتیمانپەروەری بووە و، هەمیشە ئەرك و كارەكانی بە ڕۆحێكی كوردانە و ماندوونەناسانە و، بە باشترین شێوە ئەنجام داوە.
ڕەمزی شەعبان بۆ من، دۆستێكی نزیك و برا و هەڤاڵ و هاوسەنگەرێكی ئەمین و خۆشەویست بوو. ئەو لە قۆناغە جیاجیاكانی شۆڕشی شاخ و شار و ئاوارەیی و كاروباری حزبایەتی لەپێناو ڕێبازێكی پیرۆزدا بێ دابڕان و بە بیروباوەڕێكی پتەو بە ڕێبازەكەی بەردەوام بووە و، لەو ڕێگەیەدا ماندووبوونێكی زۆری بینیوە. كۆچی دوایی ڕەمزی شەعبان و لە دەستدانی ئەو سەركردە ماندوونەناسە بۆ هەموو لایەكمان خەسارەتێكی گەورەیە.
سەرەخۆشی لە خۆمان و خانەوادەی تێكۆشەری ڕەمزی شەعبان و سەركردایەتیی و كادیر و ئەندام و لایەنگرانی پارتی و هەڤاڵ و هاوڕێ و هاوسەنگەرانی خوالێخۆشبوو ڕەمزی شەعبان و هەموو شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازانی كوردستان دەكەم.
لە خودای مەزن داواكارم ڕۆحی خوالێخۆشبوو ڕەمزی شەعبان بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و سەبر و ئارامی بە هەموو لایەك ببەخشێت.
انا للە و انا الیه راجعون
مسعود بارزانی
٣ـی نیسانی ٢٠٢١
Back to top button