ڕاگهیاندراوی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ كۆچی دوایی رەمزی شەعبان
مهكتهبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان به بۆنهی كۆچی دوایی رەمزی شەعبان پرسهنامهیهكی بڵاوكردهوه و تیایدا هاتووه: بە داخ و پەژارەیەكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی هەڤاڵی تێكۆشەر و ماندوونەناس (رەمزی شەعبان) ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی و بەرپرسی مەکتەبی کارگێڕی و دارایی پارتیمان رادەگەیەنین، کە بەھۆی نەخۆشی ئێوارەی دوێنێ رێککەوتی 3ی نیسانی 2021، لە نەخۆشخانەیەکی وڵاتی تورکیا دوا ماڵئاوایی لێکردین.
بەو بۆنە خەمناكەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی خانەوادە و كەسوكار و بنەماڵە تێكۆشەرەكەیان و جەنابی سەرۆك و جێگری سەرۆکی پارتیمان و سەرجەم ھەڤاڵانی سەرکردایەتی و پێشمەرگە و کادیر و ئەندامانی پارتیمان دەكەین.
هەڤاڵی خوالێخۆشبوو (رەمزی شەعبان) لە ساڵی 1942 لە خێزانێكی ناسراو و تێكۆشەری دەڤەری ئامێدی لە شارەدێی بلێ لە دایك بووە، كەسایەتیەكی رۆشنبیر و ناسراوی گەلەكەمان بوو بە درێژایی تەمەنی خۆی و خانەوادەكەی لە خەبات و تێكۆشان لە ریزی پارتیمان دانەبڕاون.
لە ساڵی 1958 پەیوەندی بە ریزەكانی پارتیەوە كردووە، وەك كەسایەتیەكی رۆشنبیر و چالاك و دیپلۆماتكارێكی ناسراو و سیاسەتمەدارێکی ھێمن و کارزان لە ژیانی پارتایەتی و سیاسەتدا بە دەیان لێپرسراویەتی لە ئەستۆ گرتووە و بەوپەڕی دڵسۆزیەوە بەئەنجامی گەیاندوون.
هەڤاڵی خوالێخۆشبوو (رەمزی شەعبان) لە كۆنگرەی نۆیەمی پارتیمان بەئەندامی كۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوە ھەروەھا لە کۆنگرەکانی 10 و 11 و 12 و 13 بەھۆی لێھاتووی و پێویستی بەتواناکانی بە ئەندامی سەرکردایەتی پارتیمان ھەڵبژێردراوەتەوە.
ھەڤاڵی کۆچکردومان چەندین لێپرسراویەتی و ئەرکی گرنگی لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان پێ سپێردراوە لەوانە: بەرپرسی مەكتەبی رێكخستن، بەرپرسی رێكخستنەکانی پارتی لە وڵاتی چیكۆسلۆفاكیا و وڵاتی سوێد، بەرپرسی لقی شەشی پارتیمان لە ئەوروپا، بەرپرسی پەیوەندییەكانی پارتیمان و بەرپرسی لقی یەك، هەروەها لەگەڵ هەڤاڵانی لە ئەوروپا رۆژنامەی (وڵات) ئۆرگانی لقی شەشی ئەوروپای پارتیمانی دەركردووە و، رۆڵێكی دیار و كاریگەریشی هەبوو لە كار و چالاكییەكانی كۆمەڵەی خوێندكارانی كورد لە ئەروپا، دوا بەرپرسیاریەتیشی بەرپرسی مەكتەبی کارگێڕی و دارایی پارتیمان بووە.
خوالێخۆشبوو (رەمزی شەعبان) جگە لەوەی پێشمەرگەیەكی خەباتگێڕ و ماندوونەناس بوو، رۆڵێكی دیار و كاریگەری رۆشنبیری و سیاسی و جەماوەریشی هەبوو، وەك نووسەر و مامۆستا بەشداری دەیان خوولی سیاسی و رۆشنبیریی پێگەیاندنی كادیرانی كردووە، هەروەها كادیرێكی دێرینی دڵسۆز و وەفاداری رێبازی بارزانی بوو و بەشداری لە هەردوو شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و شۆڕشی گوڵانی پێشكەوتنخواز كردووە، بۆیە لەدەستدانی ئەو تێكۆشەر و سەركردەیە خەسارەتێكی گەورەیە بۆ پارتی و گەلەكەمان.
دووبارە بەناوی خۆمان و ھەڤاڵانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتیمان پرسە و سەرەخۆشی خۆمان دووپات دەكەینەوە و ئومێدەوارین خانەوادەی تێكۆشەری خوالێخۆشبوو(رەمزی شەعبان) لە خەم و ئازار و كۆستی دیكە بە دوور بن و لە خودای گەورە داواکارین روحی پاکی هەڤاڵی كۆچكردوومان بە بەهەشتی بەرین شاد بکات.
مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان
٤ـی نیسانی ٢٠٢١