ئه‌مرۆ ساڵيادى ده‌رچوونى بڕيارى 688ى ئه‌نجومه‌نى ئاسايشی نێوده‌وڵه‌تييه‌

پاش کۆڕەوە ملیۆنییەکەی خەڵکی هه‌رێمی کوردستان لە دەست زۆرداری و په‌لاماره‌كانی رژێمی بەعس، ئه‌نجومه‌نى ئاسايشی نێوده‌وڵه‌تى ياداشتنامه‌كانى هه‌ريه‌ک له‌ نوێنه‌رانى فه‌ڕه‌نسا و ئێران و توركياى پێگه‌يشت سه‌باره‌ت به‌ نيگه‌رانيان له‌باره‌ى هه‌ڵمه‌تى سه‌ركوتكردنى گه‌لى كورد له‌ كوردستان.
ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ سه‌ركۆنه‌ى ئه‌و سه‌ركوتكردنه‌ى كرد و داواى له‌ عێراق كرد هه‌موو ئه‌و رێوشوێنانه‌ رابگرێت كه‌ ده‌بنه‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر ئاشتی و ئارامى و سنوورێک بۆ سه‌ركوتكردنى گه‌له‌كه‌ى دابنێت و رێز له‌ مافه‌كانى مرۆڤ بگرێت.
رۆژی 5ی نیسانى ساڵى 1991، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاری 688ی دەرکرد، دواتريش ھێڵی 36 و ناوچەی دژەفڕینی لێکەوتەوە و ناوچەیەکی ئارام بۆ خەڵکی کوردستان دروست كرا.
ئەم بڕیاره‌ له‌ مێژووی سیاسه‌ت و یاسای نێوده‌وڵه‌تیدا به‌ وه‌رچه‌رخانێكی گرنگی مێژوویی هه‌ژمار ده‌كرێ، چونكه‌ بۆ یه‌كه‌مجار بوو، وڵاتانی زلهێز بگه‌نه‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی پشت له‌ بنه‌مای “ده‌ستتێوه‌رنه‌دان له‌ كاروباری ناوخۆی وڵاتان” بكه‌ن و سه‌رده‌مێكی نوێ بێننه ‌كایه‌وه‌، كه‌ سه‌رده‌می “ده‌ستتێوه‌ردانه‌ له‌ كاروباری وڵاتان ئه‌گه‌ر مافه‌كانی مرۆڤ بكه‌ونه‌ به‌ر مه‌ترسی”.
Back to top button