شیرین فوئاد مه‌عسوم: ویستم هاوكاری سوره‌یا بكه‌م باوكی گوتی زۆر زیاتر له‌وه‌ په‌یدا ده‌كات كه‌ تۆ پێی ده‌ده‌یت

 

دوای ئه‌وه‌ی له‌ چه‌ند ساڵی رابردوو وێنه‌ی كچێك كه‌ له‌ سه‌ر شه‌قام میوه‌ و گوڵ ده‌فرۆشێت، به‌ به‌رفراوانی بڵاو بوه‌وه‌، شیرین فواد مه‌عسوم له‌ باره‌ی ئه‌و كچه‌ چیڕۆكێك ده‌گێرێته‌وه‌، ده‌نووسێت هه‌وڵمدا هاوكاری ئه‌و كچه‌ بكه‌م ،به‌ڵام باوكی نه‌یویست، هه‌روه‌ها ده‌شنوسێت ئه‌و كچه‌م به‌سه‌ر كرده‌وه‌ بەڵام بۆ وێنەگرتن نا، بەڵكو بۆ ئەوەی چیڕۆكی ژیانی بزانێت و یارمەتی بدات.

 

د. شیرین فوئاد مه‌عسووم چاودێری سیاسی و شاره‌زای په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، وەكو ئەركێكی مرۆیی بڕیاری داوە یارمەتی سورەیا بدات، لەمبارەیەوە لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بابەتێكی بە ناوی “سورەیا و ڕاستیی چیڕۆكی ژیانی” بڵاو كردووەتەوە و نووسیویەتی “سورەیا خه‌ڵكى گوندى ماولیانى خوارووه‌، ئه‌و كچه‌ نۆ ساڵه‌ى زۆربه‌ى كه‌سه‌ ناودار و هونه‌رمه‌ند و سیاسى و گۆرانیبێژ و مۆدێل و ده‌وڵه‌مه‌ند و هاووڵاتیى ئاسایى و په‌رله‌مانتار و ڕۆژنامه‌نووسان و خاوه‌ن ده‌زگه‌ و په‌یجه‌كان سه‌ردانى ده‌كه‌ن، له‌ هه‌ولێره‌وه‌ سێ سه‌عات ڕێگه‌ ده‌بڕن بۆ گرتنى وێنه‌یه‌ك له‌گه‌ڵیدا و دواتر بڵاوكردنه‌وه‌ و نووسین له‌سه‌ر وێنه‌كه‌ى كه‌ كچێكى جوانه،‌ به‌ڵام كه‌س بۆ ساتێك و بۆ جارێكیش بیرى نه‌كرده‌وه‌ ژیانى ئه‌و كچه‌ بگۆڕن و هه‌نگاو بۆ باشتركردنى ژیانى بنرێت“.

 

د. شیرین هەروەها نووسیویەتی “له‌ چه‌ند مانگى ڕابردوودا كه‌ سه‌ردانى كوردستانم كرد له‌ ڕێگه‌ى پارێزه‌ر محەمەد میرانه‌وه‌ توانیمان دواى هه‌وڵدانێكى زۆر ماڵى ئه‌و كچه‌ شیرینه‌ بدۆزینه‌وه‌، خێزانه‌كه‌ى پێكهاتوون له‌ باوكێك و 12 منداڵ و دوو هاوسه‌ر، كه‌ یه‌كێك له‌ هاوسه‌ره‌كان له‌سه‌ر منداڵبوونى گیانى له‌ ده‌ستدا بوو، خۆشبه‌ختانه‌ سورەیا دایكى ماوه‌، هه‌موو منداڵه‌كانى ئه‌و خێزانه‌ وه‌ك سورەیا چاوجوان و ئازیزن له‌ دڵدا، به‌ڵام گوزه‌رانیان زۆر خراپه‌ و خه‌ریكى مه‌ڕدارین و منداڵه‌كان به‌ ته‌واوى وه‌رزه‌كان له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانن و ئه‌و شتانه‌ى له‌لایه‌ن برا گه‌وره‌ و باوكیانه‌وه‌ بۆیان ده‌هێنرێت ده‌یفرۆشن“.

 

هەروەها لەبارەی یارمەتیدانی سورەیاوە، نووسیویەتی “بڕیارم دا مانگانه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ى باسى بكه‌م تا گه‌وره‌ ده‌بێت و ده‌چێته‌ زانكۆ، تێچووى خوێندن و ژیانى بگرمه‌ ئه‌ستۆ، جلوبه‌رگ و خواردن و پێداویستى ته‌مه‌نى خۆى بۆ بكڕم، به‌ ته‌نیا یه‌ك مه‌رج ئه‌ویش ئه‌وه‌ بوو كه‌ به ‌باوكیم گوت با چیتر كه‌س وێنه‌ى نه‌گرێت و كچه‌كه‌ت مه‌نێره‌ سه‌ر شه‌قام، به‌ڵام په‌یمانه‌كه‌یان شكاند و باوكه‌كه‌ گلەیى ئه‌وه‌ى ده‌كرد به‌ ناڕاسته‌وخۆ كه‌ كچه‌كه‌ى له‌و پاره‌یه‌ زیاتر په‌یدا ده‌كات كه‌ ئێمه‌ پێى ده‌ده‌ین، به‌ڵێنم پێدابوو كه‌ ماڵێكیان له‌ هه‌ولێر بۆ بگرم و له‌وێ ڕزگاریان بكه‌م، ئاگاداریان كردمه‌وه‌ كه‌ سوودى نییه‌، ئه‌و پیاوه‌ منداڵه‌كانى فێر كردووه‌ و ئه‌وان ناتوانن ده‌ستبه‌ردارى ئه‌و كاره‌ بن“.

 

د. شیرین لە كۆتاییشدا نووسیویەتی سورەیاكان زۆرن له‌ كوردستان، چیڕۆكى جیدى له‌ناو هه‌موو ماڵێكى كوردستان هه‌یه‌، جا به‌هه‌ر بارودۆخێك بێت، به‌ڵام با هه‌مووان ئه‌وه‌مان لا دروست بێت كه‌ وێنه‌گرتن و بڵاوكردنه‌وه‌ى وێنه‌ى منداڵێك له‌ ئاینده‌ زیانى بۆ سه‌ر ژیان و كه‌سیەتى ئه‌و كچه‌ یان ئه‌و كوڕه‌ ده‌بێت، ڕه‌نگه‌ دووچارى نه‌هامه‌تى زۆرى بكاته‌وه‌. تکایە با سورەیاکان وەک منداڵی‌ خۆمان سەیر بکەین.

Back to top button