ئەمریکا سزای تووندی بەسەر کەرتی پیشەسازی بەرگری تورکیادا سەپاند

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، بەهۆی مامەڵەکانی لەگەڵ کەرتی بەرگری ڕوسیا کە پەیوەستن بە کڕین و تاقیکردنەوەی سیستمی موشەکی ئێس-400، بڕیاردراوە سزا بەسەر دەستەی پیشەسازی بەرگری تورکیادا بسەپێندرێت.

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا باسی لەوەشکرد، بەگوێرەی ڕاسپاردەیەک کە لە تۆماری فیدراڵی ئەمریکادا بڵاوکراوەتەوە، واشنتن گەیشتوەتە ئەو ئەنجامەی کەلەچەند ساڵی رابردودا دەسەڵاتی پیشەسازی بەرگری تورکیا “مامەڵەیەکی گەورەی” لەگەڵ روسیادا کردووە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، بۆیە بەگوێرە یاسای “كاتسا” سزا بەسەر دەستەی پیشەسازی بەرگری تورکیا، سەرۆک و سێ بەرپرسی باڵای دەستەکەدا سەپێندراوە.

بەپێى ئەو سزایانە، مامەڵەکردنى هاوڵاتیانى ئەمەریکا لەگەڵ ئەو بەرپرسانەی تورکیادا قەدەغە دەکرێت و سەرمایەکانی ئەو کەسانەش لەئەمریکا سڕ دەکرێن، هەروەها ڤیزای ئەمریکاشیان پێ نادرێت.

لەبەشێکی دیکە سزاکاندا هاتووە، هەناردەکردنى بەرهەمى ئەمریکا بۆ دەستەی پیشەسازی بەرگری تورکیا قەدەغە دەکرێت و پێدانى قەرزێکى زیاتر لە (10) ملیۆن دۆلارى بۆ ئەو دەستەیە رادەگیرێت.

Back to top button