كرمانج عه‌بدوڵڵا : لەو ناوچانەی بۆشایی ھەیە، ھێزە عێراقییەكان ناتوانن ئەو ناوچانە بپارێزن، بۆیە داعش جوڵەی زیاد بووە

بەرپرسی لقی مەخمووری پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، جموجۆڵی داعش لە سنووری مەخموور گەلێك زۆر بووە، ھۆكارەكەشی حكوومەتی عێراقە، ئێستاش بە جۆرێكی لێ ھاتووە، گوندەكانی سنووری مەخموور ھەمووی چۆڵ كراون و تاك تاك ماون، بە تایبەت ئەوانەی كوردنشینن، چونكە زیاتر كورد دەكرێتە ئامانج.

كرمانج عەبدوڵڵا، گوتی: “جموجۆڵی داعش لە سنووری قەزای مەخموور زۆرە و نموونەش بۆ قسەكانم ئەوەیە، دەبینین ھاوپەیمانان بەردەوام بۆردوومانی داعش لە ناوچەكە دەكەن، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە داعش لە مەخموور زۆر بووە، چونكە زانیاریی ھەواڵگرییان لەسەر جموجۆڵی داعش ھەیە و بەردەوامیش لە زیادبووندان، بە تایبەت لەو ناوچانەی بۆشایی ھەیە و ھێزە عێراقییەكان ناتوانن ئەو ناوچانە بپارێزن، بۆیە داعش جوڵەی زیاد بووە”.

عەبدوڵڵا به‌ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رايگه‌ياندووه‌: “حكوومەتی عێراق بەپێی ئەوەی دەیبینین، جیددی نیە لە پڕكردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەكان، چونكە بڕیار بوو شەش ناوەندی ھەماھەنگی دابنرێن و یەكێك لە مەخموور بێت، كە دەتواندرا جوڵەی داعش سنووردار بكرێت، بەڵام بەداخەوە حكوومەتی عێراق ھیچ ھەنگاوێكی نەناوە، بۆیە زیادبوونی داعش، ھۆكارەكەی حكوومەتی عێراقە”.

بەرپرسی لقی مەخمووری پارتی دیموكراتی كوردستان روونیشی كردەوە: “گوندەكانی سنووری مەخموور ھەمووی چۆڵ كراون لە ترسی داعش و تاك تاك ماون، چونكە داعش لە ھەموو ناوچەیەك ھەیە و خەڵكیش ئامادە نییە ژیانی خۆی بخاتە مەترسییەوە، بۆیە ناچارن گوندەكان چۆڵ بكەن، تەنھا ئەوانە نەبن كە مەڕدارن و داعشیش زیاتر تەعەدا لە كورد دەكات، لەبەر ئەوەی بەشێكی داعش بە رۆژ لەگەڵ حەشدی شەعبیدان، بۆیە ژیانی ئەوانەی ماون، لە مەترسیدایە و لە ناچاری ماون، ئەگەرنا بەردەوام مەترسییان لەسەرە”.

دەشڵێ، خەڵكی گوندەكان، ئاوارەی مەخموور و ناوچەكانی دیكە بوون، چونكە لە قەراج یەك گوندیش نەماوە و ھەموویان چۆڵ كراون.

Back to top button