سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له ‌نامه‌یه‌كدا سوپاسی سەرۆکی ئیکوادۆر دەکات

نوێنه‌رى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ یه‌كێتیى ئه‌وروپا ده‌ڵێ، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، نامەیەکی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیان ڕادەستی باڵیۆزی ئیکوادۆر کردووە بۆ ئەوەی بگاتە دەستی سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە.

د. دلاوه‌ر ئاژگه‌یى،  ڕايگەیاندووه‌: “بە مەبەستی ڕادەستکردنی نامەی تایبەتی، نێچیروان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بۆ بەرێز لێنین مۆرێنینۆ، سەرۆکی کۆماری ئێکوادۆر، سەردانی باڵیۆزخانەی کۆماری ئێکوادۆر لە یەکێتیی ئەوروپامان کرد و، لەلایەن بەرێز ئیزابێل ئالبۆرنۆز پێشوازیمان لێ کرا و، نامه‌كه‌مان پێشكه‌شیان كرد.”

سه‌باره‌ت به‌ ناوه‌ڕۆكى نامه‌كه‌ى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانیش، دلاوه‌ر ئاژگه‌یى بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوتووه‌: “نێچیروان بارزانی، لە نامەکەیدا سوپاسی حکومەت و، گەلی ئێکوادۆر دەکات بۆ ڕۆڵی بەرچاویان لە دەنگدان بە بڕیاری 688ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دامەزراندنی نواى ئارام و، ناوچه‌ى نه‌فڕین لە ساڵی 1991″.

نوێنه‌رى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ یه‌كێتیى ئه‌وروپا ده‌شڵێت: ” هەر لە میانەی دیدارەکەدا پەرتۆکێکمان لەسەر کوردستان پێشکەش بە خاتوو ئالبۆرنۆز کرد.”

ئاژگه‌یى زیاتر گوتى: “لە چەند ڕۆژی ڕابردووش نامەی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستانمان گەیاندە سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا و پۆرتوگال.”

جێگەی ئاماژەپێدانە کە وڵاتانی بەلجیکا و ئێکوادۆر و پۆرتوگال هاوشان لەگەڵ بەشێک لە ئەندامانی هەمیشەییی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگیان بە بڕیاری 688ی پێشنیارکراوی فەره‌نسا بۆ پاراستنی هەرێمی کورستان دا.

 

 

Back to top button