لیژنەی پەروەردەی پەرلەمانی کوردستان: مومکین نییە لەم دۆخەدا دەرگای قوتابخانەکان بکرێنەوە

 

    لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان ئەو بژاردانەیان راگەیاند کە لە کۆبوونەوەی لیژنەکە و وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و یەکێتی مامۆستایان خراونەتەڕوو تاوەکو لیژنەی باڵای رووبەرووبوونەوەی کۆرۆنا بڕیار لەسەر یەکێکیان بدات.

عەبدولسەلام دۆڵەمەڕی سەرۆکی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند “کۆبوونەوەی هاوبەشمان کردووە لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و وەزارەتی پەروەردە بەئامادەبوونی نوێنەری یەکێتی مامۆستایان، بۆ گەڵاڵەکردنی بۆچوون و پێشنیازەکان لەسەر چارەنووسی پڕۆسەی خوێندن، هەموومان دەزانین ئێستا ئامارەکانی تووشبوون و مردن بە کۆرۆنا روو لەزیادبوون و هەڵکشانە، بۆیە هەموومان پێمان وابوو کە لە ئێستادا مومکین نییە دەرگای قوتابخانەکان بەڕووی خوێندکاراندا بکرێتەوە، بۆیە سەرقاڵی ئەوەین دەرچەیەکی گونجاوتر بدۆزینەوە بۆئەوەی پرۆسەی خوێندن بەردەوامبێت و ساڵی خوێندنی خوێندکاران نەفەوتێت، لەسەر ئەم بنەمایەش گفتوگۆیەکی زۆرمان کردووە بۆئەوەی جێگرەوەیەک بدۆزینەوە”.

 

هه‌روه‌ها سەرۆکی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان گوتیشی “یەکێک لەبژاردەکان ئەگەر دەرگای قوتابخانەکان دابخرێت بریتییە لە خوێندنی ئەلیکترۆنی، هیچ یەکێک لەئێمە کە لەو کۆبوونەوەیە بەشداربووین پێمان وانییە خوێندنی ئەلکترۆنی جێگرەوەی خوێندنی ناو پۆل بێت، هەموومان دەزانین لە خوێندنی ئەلیکترۆنیدا ناتوانین بە تەواوی چاودێری و دادپەروەری جێبەجێ بکەین بەڵام دوو بژاردەمان لەبەردەستن، یان دەرگای قوتابخانەکان بە داخراوی دەمێنێتەوە تاوەکو هەڵسەنگاندنی رەوشی تەندروستی لە ماوەی داهاتوودا دەکرێت یان خوێندن بە ئەلیکترۆنی بەردەوام دەبێت”.

 

عەبدولسەلام دۆڵەمەڕی راشیگەیاند “ئەم دوو بژاردەیە لەبەردەستی وەزارەتی پەروەردە دایە، ئەوان سەرپشکن ئەم دوو بژاردەیە بۆ لیژنەی باڵای رووبەرووبوونەوەی کۆرۆنا بەرزبکەنەوە و باسی بکەن، لەو کۆبوونەوەیەدا ئەوان دوا بڕیار لەسەر یەکێکیان بدەن“.

 

لیژنەی پەروەردەی پەرلەمانی کوردستان: “مومکین نییە لەم دۆخەدا دەرگای قوتابخانەکان بکرێنەوە

Back to top button