ئه‌مریكا بازرگانێكی وڵاته‌كه‌ی ده‌ستگیركرد كه‌ بازرگانی له‌گه‌ڵ ئێرانكردووه‌

 

 

 

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا سزاكانی بۆ سه‌ر ئێران گه‌ڕاندوونه‌ته‌وه‌و و هه‌روه‌ها رێگری له‌ ولاتانیش ده‌كات كه‌ بازرگانی و مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئێران بكه‌ن، پێشتریش به‌ هۆی مامه‌ڵه‌كانیان ژماره‌یه‌ك كه‌س و كۆمپانیای سزا داون ئه‌مڕۆ هاووڵاتیه‌كی ئه‌مریكی سزادا.

 

وه‌زاره‌تی دادی ئه‌مەریكی، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ئاشكرای كرد‌، هاووڵاتیه‌كی ئه‌مەریكی له‌ شاری نیویۆرك، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ نهێنی كه‌لوپه‌لی جوانكاریی بۆ ئێران ناردو‌وه‌ و به‌و كاره‌ش گه‌مارۆكانی ده‌وڵه‌تی فیدراڵی دژی ئێران پێشێلكردووه‌،  ده‌ستبه‌سه‌ر كراوه‌.

 

له‌ به‌یاننامه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی دادری ئه‌مریكا دا هاتووه‌ كه‌ مایکڵ رۆز، سه‌رۆكی كۆمپانیای (لۆنگ ئیسله‌ند)، دوو تاوانی خراوەتەپاڵ و  به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگەی پۆلیسی فیدراڵ له‌ نیویۆرك باسی له‌وه‌ كردووه‌‌، ئامانجی كۆمپانیاكه‌ هه‌رچی بێ،‌ ئه‌وان ئه‌و شوێنه‌یان شاردۆته‌وه‌ كه‌وا شته‌كانیان بۆ به‌ڕێكردووه‌، هاوكات خۆشیان له‌ دانی گومرگ دزیوه‌ته‌وه‌.

 

وه‌زاره‌تی دادی ئه‌مریكا، له‌ به‌یاننامه‌كه‌یدا باسی له‌وه‌ كردووە، گیرانی ئه‌و بازرگانه‌ ئه‌مەریکییە‌، شێلگیری واشنتن له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌دا نیشان ده‌دات كه‌ گه‌مارۆكانی سه‌ر ئێران پێشێل ده‌كه‌ن.

 

به‌ گوێره‌ی یاسای ئه‌مەریكا، پێشلكردنی گه‌مارۆكانی سه‌ر ئێران، تاوانێكی فیدراڵیه، ئه‌گه‌ر تاوانه‌كانی مایكڵ رۆز بەسەریدا ساغبکرێنەوە، لانیكه‌م ماوه‌ی 20 ساڵ به‌ند‌ ده‌كرێت. له‌ به‌یاننامه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی داد-دا هاتووه‌، تاوەکو تۆمه‌ته‌كانی رۆز له‌ دادگا پشتڕاست نه‌كرێنه‌وه‌، ناوبراو وه‌كو بێ تاوان چاوی لێده‌كرێت.

 

 

Back to top button