وه‌زيرى ناوخۆ : هاونیشتمانیان وەکو پێویست خۆیان ناپارێزن، بۆیە ناچارين رێکارەکان تووندتر بکەين

وەزیری ناوخۆى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان داوا لە هاونیشتمانیان ده‌كات لەمانگى ڕه‌مه‌زاندا هاوکارییان بکەن بۆئەوەی رێکارەکان سەرکەوتووبن و ئاشكراى ده‌كات، لە مانگی رەمەزاندا دەبێت رێکارەکان بگونجێنن لەگەڵ مانگەکەدا و راگەیاندنی قەدەخەی هاتووچۆش بۆ ئەو چوار رۆژە بۆ ئەوەبوو کە رێکار و رێنوێنیی نوێ دەربکات.

رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان  له‌كۆنگره‌يه‌كى رۆژنامه‌وانيدا بە رۆژنامه‌نووسانى راگەیاند، هاونیشتمانیان وەکو پێویست خۆیان ناپارێزن، بۆیە ناچارينرێکارەکان تووندتر بکەين، ساڵی رابردوو بە قەدەخەی هاتووچۆ دەستپێکرا و توانرا بەشێوەیەکی باش بەسەر پەتایەکەدا سەرکەوين،بەڵام دواتر ئەو شل و خاویەی لەلایەن هاونیشتمانیانەوە دروستبوو، بەهۆی پابەندنەبوون بە رێنوێنییەکان، هەزاران کەس تووشی کۆرۆنا بوون و چەند هەزارێکیش ژیانیان لەدەستدا”.

وەزیری ناوخۆ گوتيشی، كۆرۆناى گۆڕاو هەموو وڵاتانی ناچارکردووە قەدەخەی هاتووچۆ رابگەیێنن، لەنێویاندا وڵاتانی ئەوروپا کە لەڕووی ئابوورییەوە بەهێزن، “لێرەش کە باسی رێکاری خۆپارێزی دەکەین، باسی بەستنی ماسک دەکەین، بەداخەوە کولتوورێک دروستبووە کە دەبێت لەگەڵ ئەم ڤایرۆسە رابێین، راهاتن و ژیان لەگەڵ ئەو ڤایرۆسە بە ماسکەوە دەبێت، بەبێ ماسک، ژیانی خەڵک لە مەترسیدایە”.

رێبەر ئەحمەد،وه‌زيرى ناوخۆ زياتر گوتى،” رێکارەکان بۆ ئەوەن خەڵک پارێزراوبن و تووشی نەخۆشی و کێشە و گرفت نەبن، بەڵام “بەداخەوە، هەرچەندە ئامۆژگاری و ئاگادارکردنەوە بڵاودەکەینەوە، وەکو پێویست پابەند نین بە بەستنی ماسک”.

وەزیری ناوخۆ ئه‌وه‌شى گوت كه‌، ناچاربوون بەوەی لەسەر راپۆرتی وەزارەتی تەندروستی رێکارەکان تووند بکرێن و لە ئەمشەوەوە قەدەخەی هاتووچۆی تەواو لە کاژێر 08:00ی شەو بۆ 06:00ی بەیانی بەردەوام دەبێت.

Back to top button