سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەسەردانێکی فەرمی دەچێتە بەغدا

راوێژکاری باڵای کاروباری سیاسەتی دەرەوەی سەرۆکایەتی هەرێم رایگەیاند، لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی حکومەتی عیراقی و تاوتوێکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوانیان، سەردانی بەغدا دەکات.

ئەمڕۆ شەممە، فەلاح مستەفا راوێژکاری باڵای کاروباری سیاسەتی دەرەوەی سەرۆکایەتی هەرێم لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ رۆژنامەی “سەباح”ی عێراقی رایگەیاندووە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەمەبەستی پەرەپێدان و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی بەغدا و هەولێر، لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا دەچێتە پایتەخت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە رۆژانی داهاتوودا، کات و بەرواری سەردانەکە ئاشكرا دەکرێت و بڕیاریشە لەچوارچێوەی سەردانەکەیدا، چاوی بە سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران و ژمارەیەک لە بەرپرسە باڵاکان و کاربەدەستانی حکومەتی ناوەندی بکەوێت.

 

 

Back to top button