پارتی: چون پێشتر سوونەی مالیكی هەبوو ئێستا كوردی مالیكیش هەیە

خواكوڕك
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق(عەرفات کەڕەم) باس لە ئەگەری كشانەی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكات لە پرۆسەی سیاسی عێراق و بەشداری نەكردنی لە پەرلەمانی عێراق و هەڵبژاردنەكان، دەلێت ئێمە دەمانتوانی لە ساڵی ٢٠٠٣ لە عێراق جیا ببینەوە، بەڵام ویستمان ھاوکاری عێراق بین بۆ ئەوەی بتوانین بەیەکەوە بژین، بەڵام بەداخەوە ئەوان بڕوایان بەپێکەوەژیان نەبوو، شەراکەتی نیشتیمانییان پێ قبووڵ نەبووە، بۆیەش لە ئێستادا پارتی دیموکراتی کوردستان پێشنیازی کردووە بۆ ئەوەی بەیەکجاری بگەڕێینەوە و بەشداری لە ھەڵبژاردنی ٢٠١٨دا نەکەین، ئەمەش لەو کاتەدا روودەدات کە زانیمان ھیچ ئومێدێک نییە بۆ ئەوەی بەغدا کێشەکان چارەسەر بکات، ھەڵبەت ئەوان ئەو بێ ئومێدییەیان بۆ ئێمە درووست کرد”.
لە دیمانەیەكی دا لەگەڵ ئاژانسی ئەنادۆلی توركی سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق باس لەناكۆكیەكانی مەرجەعیەتی شیعە و كێشەكانی ناو مەزهەبی شیعە دەكات و دەلێت ھەوڵەکانی نوری مالکی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق و پشتیوانی ئێران بۆ ئەم ھەوڵە، ھاوکات ئاماژە بەکشانەوەی ئەندامانی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەکات و گوتی: “مالکی ھەست بەوە دەکات کە لە ھەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٤ مافی خۆی بوو کە دەبوایە ببێتەوە بەسەرۆکوەزیران، بەڵام بەپێی ئەو لۆبییەی کە لە بەرامبەری کرا، ناچاربوو پۆستەکە بۆ عەبادی جێبھێلێت، بۆیە لە ئێستادا دەڵێت عەبادی نەیتوانی وڵات بەڕێوە ببات، بەڵام ئەوە لەبیر نەکەین کە حزبی دەعوە، نوێنەرایەتی ئیسلامی سیاسی شیعە دەکات، ھەروەھا لە عێراقدا ململانێیەکی بەھێز لەنێوان مەرجەعییەتی قوم و مەرجەعیەتی نەجەف ھەیە”.
 
ھەروەھا گوتیشی: “مەرجەعیەتی نەجەف پێکھاتووە لە ئەنجوومەنی باڵا و رەوتی سەدر، ھەروەھا حزبی دەعوەش دوو بەشە، عەبادی لەگەڵ گرووپەکەی سەر بەمەرجەعیەتی نەجەفن، بەڵام مالکی لەگەڵ مەرجەعیەتی قومدایە، واتا ئەو کێشەیەی کە لەنێوان مالکی و سەدردا ھەیە لە بنەڕەدا چەند مژارێکی پشت پەردەن کە بریتیە لە کێشەی نێوان مەرجەعیەتی نەجەف و قوم واتا خامنەیی و سیستانی”.
 
دکتۆرعەرەفات ئاماژەی کرد بۆ مەرجەعیەتی شیعە لە ناوچەکەدا و گوتی: “کاتێک لە نەجەف پرسیار لە ھەر کەسێک بکەیت سەبارەت بەوەی کە کێ ببێتە مەرجەعی شیعەکان، ئەوا دەڵێن پێویستە نەجەف ببێتە مەرجەعی سەرەکی شیعەکان، چونکە مەزارگای ئیمامی عەلی لێیە، بۆیەش ھەموو ھەوڵێکی مالکی ئەوەیە کە بەپشتگیری مەرجەعیەتی قوم بێتە سەردەسەڵات، چونکە ئەو کاتەی کە مالکی سەردانی ئێرانی کرد، سەرکردە باڵاکانی ئێران گوتیان سەرکەوتووترین سەرۆکوەزیران لە عێراقدا نوری مالکی بووە، بەڵام ئێمە وای دەبینین کە ھیچ کەسێک وەک نوری مالکی لە دەسەڵاتدا تووشی شکست نەبووە، دروستبوونی داعش و داگیرکردنی چەند پارێزگایەک لە بەرچاوترین ئەو نموونانەن. ھەر لە سەردەمی ئەودا قەیرانی دارایی لە عێراقدا دروست بوو و سوننەکانی عێراق ئاوارە بوون”.
 
ناوبراو سەبارەت بەپێشکەشکردنی پڕۆژەکەی نوری مالکی لەبارەی پڕەنسیپی زۆرینە بۆ ھەڵبژاردنی داھاتووی عێراق کە پێی دەڵین (پرەنسیپی زۆرینەی سیاسی) گوتی: “راستە ئەمە بنەمایەکی دیموکراسییە، بەڵام بیرمان نەچێت ئەو کەسەی کە ئەم جۆرە پڕۆژەیە پێشکەش دەکات، پێویستە کەسێک بێت بڕوای بەدیموکراسی ھەبێت و کەسایەتییەکی تائیفی نەبێت، واتا ئەگەر کەسایەتییەکی ئیسلامی سیاسی و ئایدۆلۆجی و مەزھەبی نەبوایە، بێگومان ئەوکات ئێمە پشتگیریمان دەکرد، بەڵام ئێمە ئەوە باش دەزانین کە مەبەستی سەرەکی مالکی چییە، لەبەرئەوە دەیەوێت لە رێگای پڕەنسیپی زۆرینەوە دەوڵەتێکی مەزھەبی و ئایینی دابمەزرێنێت بەپشتگیری مەرجەعیەتی قوم کە پێی دەڵێن ویلایەتی فەقیهـ”.
 
عەرەفات کەڕەم لە درێژەی قسەکانیدا دەربارەی پاڵنەرەکانی نوری مالکی بۆ ھەوڵەکانی گەیشتن بەدەسەڵات گوتی: “مەرجەعیەتی قوم بەپلەی یەکەم مالکی ھاندەدات بۆ ئەم کارە، ھەروەھا ئەو جەماوەرەی کە پشتگیری و لایەنگری ئەو دەکەن کە پێشتر دەستکەوت و قازانجیان لێ بینیووە لە ماوەی ٨ ساڵی دەسەڵاتەکەیدا، پێشتر چەند لایەنێکی سوننەش ھەبوون کە پێیان دەگوترا سوننەی مالکی. لە ئێستاشدا کوردی مالکی دروست بوون، چونکە لەو رێگەیەوە دەیانەوێت دژایەتی سیاسەتەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بکەن کە بەشێکیان بەرژەوەندییان وا دەخوازێت، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی خەڵکی کوردستان لەگەڵ ئەوەدا نییە کە جارێکی دیکە کورد ھاوپەیمانیەتی لەگەڵ مالکی ببەستێتەوە، شەرمەزارییە ئەگەر ئێمە کارێکی وا بکەین، چونکە بوودجە و مووچەی خەڵکی کوردستانی بڕی”.
 
سەبارەت بەھەڵوێستی لایەنەکان دیکەی عێراق لە بەرامبەر پڕۆژەکەی مالکی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، عەرەفات کەڕەم گوتی: “ھەڵوێستی سوننەکان روون و ئاشکرایە، ھەروەھا ھەڵوێستی کوردیش روونە، بەڵام بەشێکی کورد کە من بەکوردەکانی مالکی ناویان دەبەم و ئەم زاراوەیە بۆ پێناسەکردنیان بەکاردەھێنم، چونکە بەداخەوە دەڵێم لە بەرژەوەندی مالکی کار دەکەن”.
 
سەبارەت بەخۆپێشاندانەکانی بەغدا و ناڕەزایەتییەکان، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتی: “ھەندێک کەس وایدەبینن کە خۆپێشاندانەکان پەیوەندی بەھەڵوەشاندنەوەی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراقەوە ھەبێت، بەڵام لە راستیدا کێشەکە لەوە گەورەترە، کاتێک کێشەیەک لە شاری بەسرە درووست بوو، مالکی ھێزی تایبەتی بەکارھێنا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە لەو شارە، بۆیە ئەمە بووە جێی ناڕەزایی لەلای سەدر، بەمەش رەوتی سەدر لە ھاوپەیمانییەتی نیشتیمانی شیعە ھاتنە دەرەوە، چونکە ناکۆکییەکی گەورەیان لەگەڵ دەوڵەتی یاسا و خودی مالکی دروست كرد كە تا ئيستاش بەردەوامە”.
 
گوتیشی: “میکانیزمی کشانەوەی ئەندامانی پارتی لەسەر ئەو بنەمایە کە دەبێت بەرژەوەندی خەڵکی ھەرێمی کوردستان لە چیدا بێت ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوە بکەین، نەک وەکو ھەندێک لایەنی کوردی کە بەرژەوەندییە حزبی و کەسییەکانیان لە چیدابێت ئەو کارە دەکەن”.
 
ناوبراو سەبارەت بەپۆستە بەتاڵەکانی بەغدا گوتی: “٣٠ پۆستی حکوومی لە بەغدا بەتاڵن، کێشە سەرەکییەکە پۆستەکان نین، بەڵکو ئێمە لە بەغدا ھەست بەوە دەکەین کە پەنابەرین، بۆیە ئێمە پێمان وایە ئەوان نیەتیان نییە کە کێشەکان چارەسەر بکەن، ئێمە زۆرجار لە پۆستی خۆمان خۆش بووین و داومانەتە لایەنێکی دیکە تەنھا بۆ ئەوەی پێکەوە ژیان و یەکتر قبووڵکردن سەر بکەوێت”.
 
لە کۆتایی دیمانەکەدا سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دکتۆرعەرفات کەڕەم ئاماژەی بەجیاوازیکردنی بەغدا لەنێوان پێشمەرگە و حەشدی شەعبی کرد و رایگەیاند “ئەگەر پێشمەرگە نەبووایە ھەرگیز سوپای عێراق ئەم سەرکەوتنەی بەدەست نەدەھێنا، ئەوان بەیەکەوە وەک یەک ھێز لە چوارچێوەی سیستەمی سەربازی لە عێراقدا شەڕیان لە دژی تیرۆر کرد، بەڵام ئەوە بەڕەوا نابینین کە بوودجەی پێشمەرگە رەوانە بکەن، ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشمەرگە لە دەستووری عێراقدا ئاماژەی بۆ کراوە و بەشێکە لە وەزارەتی بەرگری، بەڵام سەیرکەن حەشدی شەعبی دوو رۆژە دامەزراوە و لە دەستووریشدا نەھاتووە، بوودجەیەکی تەواویان بۆ دابین کرد، جیا لەوەش حەشدی شەعبی دەنێرن بۆ وڵاتی سووریا کە ھیچ پەیوەندی بەعێراقەوە نییە و مووچەی چەکدارەکانیش خەرج دەکرێت، بۆیە ئەمە روونە کە ناحەقییەکی زۆر بەرامبەر خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەکرێت، تەنانەت بۆ وەرگرتنەوەی مافەکانیشمان بڕوامان بەدادگای فیدراڵی نییە لە بەغدا، چونکە جێی متمانەی ئێمە نییە، بۆیە لەو بڕوایەداین ئێمە ناگەینە شەڕاکەتێکی نیشتمانی لەگەڵ حکوومەتی عێراق، بەڵام ئەوەمان لە بیر نەچێت کە ھەرگیز دەستبەرداری پڕۆسەی سەربەخۆیی کوردستان نابین”.
Back to top button