سبەی لیژنە باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا کۆدەبێتەوە و، بڕیاری پێویست دەدرێت.
گوتهبێژى حكومهتى ههرێمى كوردستان ئاشكراى دهكات : سبەی يهكشهممه لیژنە باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا کۆدەبێتەوە و، بڕیاری پێویست دەدرێت ، دهشلێت :” رێکارەکان بۆ مانگی رەمەزان جیاوازتر دەبێت، بژێوی خەڵک و کەسابەتی خەڵک لەبەرچاو دەگیرێت.
د.جووتيار عادل، گوتەبێژی حکومەتى ههرێمى كوردستان رايگهياند: “ئێمە بەپێی ئەو راپۆرتەی کە وەزارەتی تەندروستی پێشکەشی دەکات هەڵسەنگاندنی رەوشەکە دەکات، لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا کۆدەبێتەوە، بەپێی ئەو داتایانەی لە دوو بۆ سێ رۆژی رابردوو بڵاوکراونەتەوە، رێژەی تووشبوون زیادیکردووە، بەڵام رێژەی مردن کەمبووەتەوە، تاوەکو بەیانی هەندێک داتای دیکە دێتە بەردەستمان بۆ ئەوەی بتوانین بەپێی هەڵسەنگاندنی وەزارەتی تەندروستی بڕیاری گونجاو بدەین”.
لەبارەی رێکارەکانی قەدەخەی هاتووچۆ لە هەرێمی کوردستان جووتیار عادل راشیگەیاند: “رێکارەکان بۆ مانگی رەمەزان جیاوازتر دەبێت، بژێوی خەڵک و کەسابەتی خەڵک لەبەرچاو دەگیرێت، بەڵام دیسانەوە بابەتی پاراستنی تەندروستی خەڵک لە پێشینەی کارەکانمانە، دەبێت جۆرێک لە هاوسەنگی لەنێوان ئەو دوو بابەتە دروست بکەین”.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتەبێژی حکومەت گوتيشى، “سبەی لیژنە باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا کۆدەبێتەوە لەو کۆبوونەوەیە بڕیاری پێویست دەدرێت، بە تێڕاونینی من رێکاری نوێ جێبەجێ دەکرێت، لیژنە باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا سەرپشکە لە دەرکردنی رێنوێنیی نوێ و چ جۆرە قەدەخەی هاتووچۆ. لە کۆتاییدا ئەوەی لە بەرژەوەندیی خەڵک و تەندروستی گشتی بێت بڕیاری گونجاوی لەبارەوە دەدرێت”.
سەبارەت بەو گلەییانەی دەکرێن لەسەر جێبەجێ نەکردنی بڕیاری قەدەخەی هاتووچۆ لە بەشێك لە شارەکان، بە تایبەت لە سلێمانی جووتیار عادل گوتی: “ئێمە نیگەرانین لەو دۆخەی ئێستا لە سلێمانی هەیە، داوامان لە بەڕێز پارێزگار و ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای سلێمانی کردووە، کە زیاتر جیددی بن لە جێبەجێکردنی رێنوێنییەکان و سەپاندنی سزا بەسەر پێشێلکارییەکان. بێگومان لە کۆبوونەوەی داهاتووی لیژنە باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا ئەو بابەتە دەخرێتە بەرباس”.
هەروەها جووتیار عادل دەشڵێت: “ئەگەر لە هەر پارێزگایەک بڕیار و رێنوێنییەکان وەکو پێویست جێبەجێ نەکرێن، ئێمە هەمان ئەو رێکارانە و ئەو نیگەرانییانە دەردەبڕین، بەڵام ئەم مەسەلەیە تەنیا پەیوەست نییە بە خودی ئیدارەی پارێزگاکە، خەڵکیش زۆر پابەند نین و سستیەک هەیە لە جێبەجێکردنی رێکارەکان بە تایبەتی لە شاری سلێمانی”.
س: رووداو