سەركردەیەكی یەكگرتوو: مالیكی هۆكاری هێنانی داعش بوو بۆ عێراق

خواكوڕك

دیندار دۆسكی دامەزرێنەری یەكگرتوو و سەركردەیەكی باڵای پێشووی یەكگرتوو، كە لە 23ی حوزەیران دەست لەكار كێشانەوەی خۆی لە یەكگرتوو ئاشكرا كرد، رایگەیاند، هەمووی ئەو كێشانەی ئێستا لەنێوان هەولێر و بەغدادا هەن، دەگەڕێنەوە بۆ حوكمڕانییەکەی مالیكی لە ڕابردوودا. دەشڵێت، گەلی كورد هیچ هیوا و ئۆمێدێكی بە عێراق نەماوە.

دیندار دۆسكی كە وەك چاودێری سیاسی لێدوانی بۆ مالپەری فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان داوە لەبارەی ئەگەری گەرانەوەی مالیكی بۆ دەسەڵاتی عێراق دەلێت هەموو ئەو كێشانەی ئێستا هەن، دەگەڕێنە بۆ حوكمڕانییەکەی مالیكی لە ڕابردوودا. مالیکی لەو ماوەیەدا زۆر قەیرانی سیاسی و ئەمنیی دروست كرد، بوودجە و مووچەی هەرێمی كوردستانی بڕی، هەڵوێستەكانی سەبارەت بە داواكانی گەلی كورد باش نەبوون و، هیچ هەنگاوێكی بۆ جێبەجێكردنی دەستوور و كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا نەنا و، هەر كەسایەتیی مالیكی هۆكاری هاتنی داعش و دروستبوونی دەیان كێشەی دیکە بوو. ئەگەر بێت و بگەڕێتەوە سەر كورسیی دەسەڵات، هەڵوێستی سەبارەت بە داخوازییەكانی گەلی كورد و كوردستان باش نابن و، ئەو كێشانەی هەشن، ئاڵۆزتر دەبن”.

هەروەها دیندار دۆسكی لەبارەی پرۆژەی هاوپەیمانی نشتنانی دەلێت، پڕۆژەکەی هاوپەیمانیی نیشتمانی تەنیا بۆ كاتكۆشتنە، دەنا هیچی بۆ كورد تێدا نییە. ئەو پڕۆژەیە، پێوەندیی بە سوننەوە هەیە، پێوەندیی بە كوردەوە نییە. هەر دەیانەوێ بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بڵێن، كە پڕۆژەیەكیان بۆ ئاشتەواییی نیشتمانی لە عێراقدا پێیە. ئەو شاندەی هاتە كوردستان دەیویست پشتگیریی سەرۆكی هەرێم و لایەنە سیاسییەكانی کوردستان بەدەست بێنێت و، ببێتە پڕۆژەیەك بۆ هەموو عێراق، تا دەگەنە هەڵبژاردن، دەنا نێوەرۆكی ئەو پڕۆژەیە هیچ شتێكی تێدا نییە، كە كێشە سیاسییەكان و قەیرانەكان چارەسەر بكات.”

دۆسكی لەبارەی سەربەخۆی كوردستانیش دەلێت، سەربەخۆیی و دەوڵەتی كوردستان، خەونی هەرتاكێكی كوردە، بەڵام دەبێ هێزە كوردستانییەكان، کێشەکانی نێوخۆیان چارە بكەن، نەك قەیرانەكانی نێوخۆ ببنە هۆكار بۆ ئەوەی گەلی كورد بە ئامانجەکەی نەگات. دەبێ شاندێكی یەكگرتوو لە هەرێمی كوردستان دروست بكرێت و بچێتە بەغدا، كە ئەوە هەنگاوێكی زۆر باشە و ئەنجامی باشیشی دەبێت. گەلی كورد هیچ هیوا و ئۆمێدێكی بە عێراق نەماوە، كە كێشەكان چارەسەر بكات، بۆیە باشترین چارەسەر ئەوەیە، كورد ببێتە دەوڵەت و ببینە دوو جیرانی باش لەگەڵ یەكدی.”

Back to top button