لە هەنگاوێكی گەورەی چاكسازیدا وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەست بە جێبەجێكردنی ISO دەكات
ئەمڕۆ دووشەممە (12ی نیسانی 2021) لە كۆبوونەوەیەكدا بە ئامادەبوونی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ بەرپرسانی كارگێڕیی باڵای وەزارەت، گفتوگۆ لەسەر چۆنییەتیی دەستپێكردنی پرۆسەی گۆڕینی سیستەمی بەڕێوەبردنی تەقلیدی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ شێوازی سیستەمی بەڕێوەبردنی جۆری بەپێی ستانداردی (ISO 9001: 2015) كرا كە تێیدا پێناسە و گرینگیی سیستەمەكە بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەكان، كەمكردنەوەی ڕۆتین، شەفافییەت، دەرخستنی توانای كارمەندان و ڕەزامەندیی زیاتری هاووڵاتیان خرایە ڕوو، ئەمەش بەشێكە لەو بەڵێنانەی لە كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە هاووڵاتییان درا.
ئێستە سیستەمی بەڕێوەبردنی جۆری لە زۆربەی جومگەكانی حكوومەت و ڕێكخراو و كۆمپانیاكان لە وڵاتە پێشكەوتووەكانی جیهان پەیڕەو دەكرێت، لە ناویاندا ناسراوترین ستانداردی بوارەكە بریتییە لە (ISO 9001: 2015) كە تێیدا هەموو زانیارییەكی تەواوی ئەو شوێنەی سیستەمەكە بەكار دەهێنێت تۆمار دەكرێت و ئاستی كاری هەر بەشێك یان كارمەندێك دەردەخات. ئەوەی بۆ هاووڵاتییانیش گرینگە، بەتەواوی ڕۆتین كەم دەكاتەوە و خێراتریش خزمەتگوزارییەكانیان پێ دەگات. ئەمەش بنەمایەكە بۆ سیستەمی یەك پەنجەرەیی و حكوومەتی ئەلیكترۆنی. هەروەها یەكێك لە ئامانجە سەرەكییەكانی ئەو ستاندەرە، بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی هاووڵاتییانە كە ئەمەش لە كارنامەی كابینەی نۆیەم حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕای گەیاند،” وەك قۆناغی دەستپێك، ئەم سیستەمە لەناو دیوانی وەزارەت، دەستەی گشتیی گەشتوگوزار، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و سەرۆكایەتیی شارەوانی هەولێر پەیڕەو دەكرێت و پاش سەركەوتنی لەم چوار شوێنە، لە قۆناغی داهاتوودا پارێزگا و دەڤەرەكانی دیكەش پەیڕەو دەكرێت.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، لەگەڵ دەستپێكی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەنگاوەكانی بەرەو پێشخستنی كاری دامەزراوەیی و هەیكەلی وەزارەتەكە كرد، یەكێك لەو هەنگاوە گرینگانە، بە ئەلیكترۆنیكردنی وەزارەتە لەڕێی سیستەمی بەڕێوەبردنی نووسراوەكان (DMS) كە هاوتەریب لەگەڵ سیستەمی بەڕێوەبردنی جۆری لەڕێی مەرجەكانی ستاندارەكانی (ISO) بەڕێوە دەچێت.
كۆبوونەوەكە لە بەڕێوەبەرایەتیی توانای مرۆیی بەڕێوە چوو، بە ئامادەبوونی بریكاری وەزارەت، سەرۆكی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ، بەڕێوەبەری گشتیی دیوان، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان، بەڕێوەبەری گشتیی پڕۆژەكان، سەرۆكی شارەوانیی هەولێر، بەڕێوەبەرانی وەزارەت و ژمارەیەك لە پسپۆڕانی ئایتی بەشدار بوون.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، لە هەفتەی داهاتووەوە دەست بە ڕاهێنان بە كارمەندان لەسەر سیستەمەكە دەكات. پاش تەواوبوونی قۆناغی ڕاهێنان و دەستكردن بە قۆناغی كۆكردنەوە و ئەپدەیتكردنی داتاكان، دەست بە كاری سیستەمەكە دەكرێت كە ئەمە هەنگاوێكی دەستپێشخەرە و هەنگاوی دیكەی گرینگی بەدوادا دێت.