‌پاپای فاتیكان نامه‌یه‌ك بۆ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ده‌نێرێت

 

دوای ئه‌وه‌ی پاپای فاتیكان پاپا فرانسیس سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانی كردوو پێشوازیه‌كی گه‌رمی له‌ لایه‌ن خه‌لكی هه‌رێمی كوردستان و سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستان لێكرا، دوای گه‌ڕانه‌وه‌ پاپای فاتیكان نامه‌یه‌كی سوپاس گوزاری ئاراسته‌ی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات.

 

له‌ نامه‌كه‌ی پاپای فاتیكان بۆ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستاندا هاتووه‌، خۆشحاڵم سڵاوى برایانه‌م پێشكه‌ش به‌ جه‌نابتان بكه‌م و هیواى كامه‌رانى بۆ ئێوه‌ و گه‌لى خۆشه‌ویستتان بخوازم، هیوادارم خۆتان و ته‌واوى هاوكارانتان هه‌میشه‌ له‌ ته‌ندروستى و سه‌لامه‌تى و به‌خششدا بن

 

ده‌قی نامه‌كه‌ی پاپا فرانسیس بۆ نێچیرڤان بارزانی

جه‌نابى سه‌رۆك به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى ـ ى هێژا

 

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانى عێراق

 

سڵاوێكى برایانه‌..

 

خۆشحاڵم سڵاوى برایانه‌م پێشكه‌ش به‌ جه‌نابتان بكه‌م و هیواى كامه‌رانى بۆ ئێوه‌ و گه‌لى خۆشه‌ویستتان بخوازم، هیوادارم خۆتان و ته‌واوى هاوكارانتان هه‌میشه‌ له‌ ته‌ندروستى و سه‌لامه‌تى و به‌خششدا بن.

 

حه‌ز ده‌كه‌م بۆ جه‌نابتان و ته‌واوى کاربه‌ده‌ستان له‌گه‌ڵ ئێوه‌ و هه‌موو گه‌لى عێراق، به‌تایبه‌تى دانیشتوانى خۆشه‌ویستى كورد، هه‌ستى قووڵی سوپاسگوزاریم بۆ ئه‌و پێشوازى و میواندارییه‌ گه‌رمه‌ ده‌رببڕم كه‌ له‌ خۆم و یاوه‌رانى منتان كرد، هه‌روه‌ها هیوادارم سڵاو و ڕێزم به‌ جه‌نابی به‌ڕێز مه‌سروور بارزانى، سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى كوردستانى عێراق بگه‌یه‌نن. سوپاستان ده‌كه‌م كه‌ خۆتان به‌شداریتان له‌ نوێژ و قوداسه‌كه‌ماندا له‌‌ یاریگاى فره‌نسۆ هه‌ریرى له‌ هه‌ولێر كرد، ئه‌وه‌ نیشانه‌ى گیانى ته‌بایى و لێبورده‌یى و برایه‌تى و مرۆییتانه‌.

 

ئه‌و ڕۆژانه‌ى له‌گه‌ڵ ئێوه‌دا به‌سه‌رم بردن، هه‌ستم كرد ئه‌و فره‌ئایینى، فره‌كولتوورى و فره‌نه‌ته‌وه‌یییه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ى عێراقى هه‌یه‌تى، پشتیوانییه‌كى گه‌وره‌ى ئێوه‌ و جیهانیشه‌. ئه‌مڕۆ چاوه‌ڕوانی له‌ عێراق ده‌كرێت بۆ هه‌مووان و به‌تایبه‌تى بۆ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست بسه‌لمێنێت كه‌ وێڕاى هه‌موو جیاوازییه‌‌كانیش ده‌توانێت به‌ پێكه‌وه‌یى و پێكه‌وه‌هه‌ڵكردن هاوكار بێت له‌ بنیاتنانى ژیانى مه‌ده‌نى و پته‌وكردنى په‌یوه‌ندیى برایه‌تى و هاریكارى له‌پێناو چاكه‌ و ئاشتى و گه‌شبوونى هیواى داهاتوویه‌كى باشتردا.

 

جه‌نابى سه‌رۆك،

 

ده‌مه‌وێت سوپاسگوزاریى ڕاستگۆیانه‌م ده‌رببڕم بۆ هه‌موو ئه‌و کارانه‌ى ئه‌نجامتان داوه‌ و ئه‌نجامى ده‌ده‌ن له‌پێناو جێگیركردنى ئاشتیدا و هه‌موو ئه‌وه‌ى بۆ ئایین و پێكهاته‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ پێشكه‌شى ده‌كه‌ن. سوپاستان ده‌كه‌م و نه‌وه‌كانیش سوپاستان ده‌كه‌ن بۆ كارى باشتان له‌ خزمه‌تى چاكه‌ى گشتیدا.

 

له‌ خواى مه‌زن داواكارم پشتیوانى ئه‌ركه‌كانتان بێت و بۆ ڕیگه‌ى دانایى و دادگه‌رى و ڕاستى، ڕێنموونیتان بكات و ته‌ندروستى و سه‌لامه‌تى و پێشكه‌وتن و په‌ره‌سه‌ندنى به‌رده‌وامتان پێببه‌خشێت.

 

پاپا فره‌نسیس

15ى ئازارى 2021

ڤاتیكان

 

 

 

Back to top button