خەڵکی کوردستان لە ئێوە زەین ڕۆنترە داستانی کۆڕێش مەکەن بە درۆکەی پاراستنی هەولێر و رزگارکردنی مەخموور لە داعش، خەڵکی کوردستان لە ئێوە زەین رۆنتر و بەئاگاترە.

 

هونەر کەریم

کەسانێک، کە رەنگە لەوێش نە بووبن، راستگۆیانە و کوردانە رووداوەکان ناگێڕنەوە، بۆ خاتری ئێستای بارودۆخ چیرۆکەکان لە هەناوی پڕ لە رقی حزبی دەردەهێنن، وادەزانن خەڵکی کوردستان بێ یادگان، بۆیە قسەکانیان، جگە لەخۆ بە درۆزن پشاندان نەبێت، هیچ بەهایەکی مێژوویان نییە.
سەیر لەوەدایە چیرۆکی هەر یەکێک لەوانەم خوێندبێتەوە، جگە لە بیرەوەری پێشمەرگە راستەقینەکانی کوردایەتی نەبێت، کە بە زمانی سادەی پێشمەرگانە رووداوەکانیان وەک خۆی گێڕاوەتەوە، دەنا ئەوانی دی بە (بەزیووەکان و بازن دزەکانیشەوە) هەمووان خۆ بە پاڵەوانی رزگاری و بەرگری لە خاک و خەڵکی کوردستان دادەنێن، بێ ئاگا لەوەی خەڵکیش چیرۆکی دیکەی ئەوانیان لە کن هەیە.
پێدەچێ ئەوانە بەڵێنیان بە خۆیان دابێت تا درۆ هەبێت رووداوەکان بە دروستی نەگێڕنەوە، تەنانەت لە رزگارکردنی مەخموریش هەمان شتیان کرد، بەڵام زوومی کامیرا راستەوخۆکان هەرزوو بەدرۆی خستنەوە، سوپاس بۆ تەکنۆلۆژیا.
بەڵگە نەویستە یەکێک لە هۆکارەکانی بە پێوە مانەوەی بە هێزی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گۆڕەپانی کوردایەتی، سەرباری رێبازی کوردایەتی و مرۆڤدۆستی راستەقینە (رێبازی بارزانی) و بوونی سەرکردایەتییەکی روانگە فرەوان و شارەزا لە رەوتی رووداوەکان، ئەو هێزە مرۆییە خۆنەویست و شۆڕشگێڕەیە، کە هەمیشە لەپێناو رێبازەکەیدا ئامادەی قوربانی دانە.
ئەوەی مستەفا بارزانی بە دنیا ناساند، دۆزی کورد نەبوو، بەڵکو هێزی ئەو هێزە بوو، کە لەگەڵیدا بوو، واتە هێزی بارزانی بوو دۆزی کوردی بە جیهان ناساند، کە میللەتێکی زوڵم لێکراو هەیە لەسەر خاکی خۆی بووەتە بێگانە یا لەلایەن رژێمە داگیرکارەکانەوە وەک هاووڵاتی پلە دوو هەڵسوکەوتی لەگەڵدا دەکرێ، ئەوەشی هەمووی بە پشتیوانی ئەو هێزە خۆبەخشە کرد، کە لەپێناو رزگاری خاک ئامادەی هەموو گیانفیداییەک بوون.
ئێوە کاتێک رووداوەکان هەڵدەگێڕنەوە، بەرامبەر بە هاناوەچوونی بارزانی بۆ شۆڕشی شێخ مەحموود و داستانە بەرگرییەکانی پێشمەرگەکانی بارزانی لە دەڤەری بارزان لە دژی سوپای پشتیوانیکراو لەلایەن سوپای بەریتانیا بە چ ناو دەبەن؟
هەرچەندە بەرواردی چەک و تفاقی نێوان هەردوولا ناکرێ، بەڵام چونکە ئیرادەی بەرەنگاربوونەوەی دوژمن و ئامادەیی خۆ بەختکردنیان هەبوو، چەند جارێک ئەو سوپا زەبەلاحەیان سەروەشکێن کردووە، تەنانەت ئامادەبوون بە گۆچانی دەستیان روبەڕووی فڕۆکەی شەرکەری دوژمنیش ببنەوە.
ئەدی چی دەربارەی داستانە مێژووییەکەی پەڕینەوە لە ئاوی ئاراس دەڵێن، ئایا ئەوکاتیش کەسیان ئامادە نەبوون بەرگری بکەن یا ئامادەی هەموو گیانفیداییەک بوون؟
بە ئاماژەدان بە هۆکارێکی دی بە پێوە مانەوەی بەهێزی پارتی، گێڕانەوەکانتان بە کۆمپلیتی لە ئامانجەکەی بەتاڵ دەبێتەوە، بەردەوام پارتی و بارزانی خاوەن هێزێکی ئامادە و گوێڕایەڵ و خۆبەختکار بووە، کە بە دەگمەن لە حزبی دی دەیدۆزیتەوە، بۆیە هەموو بە دۆست و دوژمن گوێ لە ویست و داواکارییەکانی پارتی دەگرن، نەک گوێ لە چیڕۆکی بێسەروبەری ئەوانە دەگرن، کە حەز بە خەوتنی بەر سێبەری داگیرکارانی کوردستان دەکەن، بێگومان ئەگەر رێگەیان بدەن. واتە تا دوژمن مەرحەبای کرد بن، حکوومەت نیشتمانپەروەر بووە، کە هۆیدەی لێکرد بن، رژێم دیکتاتۆر بووە.
ئەگەر خۆتان لە خەت نەدەن و نەدەنەوە چەقێنێ ئێوەش دەیزانن، یەکێک لە خەسڵەتەکانی کادیر و پێشمەرگەی پارتی و بارزانی ئەوەیە، هیچ کات لە مردن نەترساون، لەژێر هیچ گوشارێکدا پارتیان بە تەنیا جێ نەهێشتووە، ئەو راستیەش لەکەس شاراوە نییە، ماڵە بارزان لە کوێ بوو بن، لەشکرێکی گیانفیدای خۆبەختکار لەگەڵیان بوونی هەبووە، واتە بەتەنیا نەبوونە. بۆیە گێڕانەوەکانتان تەنیا هەڵڕشتنی رقێکە و بەس، دەنا هەمیشە لەشکرێک لە شۆڕشگێرە هەرە راستەقینەکانی کورد لە سەرانسەری کوردستان لەگەڵ بارزانی ئامادەی ژیان بەخت کردن و گیانفیدایین لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی دوژمن و ئازادی کوردستاندا.
ئەو وتارەشم بۆ مێژوو نووسی، چونکە کە چیرۆکە هەڵگێڕاوەکانتانم لەسەر داستانی کۆڕێ خوێندەوە، کە سوخەتتان لە سوخەتی کەمتیار نزیکە، دەترسم لە کاتێکی دیکەدا، خۆتان بکەن بە پاڵەوانی داستانە بەناوبانگەکانی پردێ و سحێلانیش، کە گوایە ئێوە بوون قەوارەی هەرێمی کوردستانتان لە داگیرکردن و لەناوبردن پاراستووە.

Back to top button